کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک وەزیرانی کانادا سپاسی دەستەی نوێنەرایەتیی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کرد

17:15 - 25 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ''جاستین تریدو''، سەرۆک وەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی کانادا، وێڕای ئەوەی کە سپاسی دەستەی نوێنەرایەتیی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کرد، عەلاقەمەندیی خۆی بە بەردەوامیی پێوەندییەکان ڕاگەیاند.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز ''تەها حەسەنیانی''، سپاس بۆ ئەو کاتەی تەرخانت کرد بۆ نووسینی ئەو وشە بەسۆزانەی پیرۆزباییت بە بۆنەی هەڵبژاردنی فێدراڵی ئەم دواییانە.

خۆم بە بەختەوەر دەزانم بۆ ئەو هەلەی پێم بەخشرا کە درێژە بە خزمەت بە کاناداییەکان لە گشت وڵاتی مەزنمان کانادا بدەم. هەستێکی تایبەتیم هەیە کە کاناداییەکان تیمی ئێمەیان هەڵبژارد کە کاریان بۆ بکەین. متمانەیەکی قووڵیان بە ئێمە داوە و دەمهەوێی جەخت لەسەر ئەو سووربوونە لە پێناو هەوڵی بێوچانی خۆمان بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانمان بکەمەوە.

خەڵکی کانادا ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە کە پارلمانەکەیان بە یەکگرتوویی لەسەر ئەولەوییەتە هاوبەشەکان کار بکات، لە کاتێکدا دەوڵەتەکەمان درێژە بە خستنە ڕووی سیاسەتگەلێک دەدات کە گشتمان بەرەو پێشەوە دەبات. لەگەڵ گشت ئەندامانی پارلمان کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە خزمەت بە گشت کاناداییەکان لە پانتایی ئەم وڵاتەدا بکەین.

جارێکی تر سپاست دەکەم.

جاستین تریدو

سەرۆک وەزیرانی کانادا

لە دیدارێکدا  کە پێشتر لە نێوان ''جاستین تریدو'' و ''تەها حەسەنیانی''، ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتیی پێوەندییەکانی حیزب لە کانادا بەڕێوە چووبوو، پاش ئەوەی کە ''حەسەنیانی '' لەسەر تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم دوابوو و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هێنابووە بەر باس، ''جاستین تریدو''، سەرۆک وەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی کانادا، خۆشحاڵبوونی خۆی دەربڕیبوو و هەنووکەش عەلاقەمەندیی بە بەردەوامیی پێوەندییەکان ڕاگەیاندووە.