کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل: داعش و ڕێژیمی تاران ٢ هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر مرۆڤایەتی

19:38 - 23 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بێنیامین نەتانیاهو وێڕای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێکخراوی داعش لە پێوەندی لەگەڵ پرسی تیرۆریزم، ڕایگەیاند؛ ئیسڕائیل بە هەموو تواناوە بەرەنگاری تیرۆریزم دەبێتەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی کاروباری دەرەوەی ئیسڕائیل لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی‏هاتنی خولێکی نوێی فڕۆکەوانی کە تێیدا ٣٥ فڕۆکەوانی نوێ پەیوەست بە هێزی هەوایی ئەم وڵاتە بوون، ڕایگەیاندووە؛ : ئیسڕائیل لە بەرانبەر هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەی ڕادەوەستێت و هیچ لایەنێک نابێ هێزی سەربازیی ئیسڕائیل بەکەم بگرێت.

نەتانیاهو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێژیمی تاران لە پرسی تیرۆریزم کرد و گوتی: ئیسلامی توندڕەو هەنووکە لە ٢ ڕەهەندەوە هەڕەشە لە شارستانییەتی مرۆڤ دەکات، یەکەمیان گرووپی تیرۆریستی داعشە و ئەوی دیکەشیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل هەروەها ڕایگەیاندووە؛ هێزی سەربازیی ئێمە توانای بەرەنگاربوونەوە و لە نێوبردنی ئامانجە سەربازییەکانی دوژمنی لە کورتترین ماوەدا هەیە، کە کارناسان پێیان وایە مەبەستی ناوبراو هەڕەشەی ڕێژیمی تارانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێکی نوێی خۆی بڵاو کردەوە.

لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەردەوام ڕوی لە گرژی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدی نژاددا کە حاشای لە ڕووداوی هۆلۆکاست کرد و باسی لە سڕینەوەی ئیسڕائیل لە سەر نەخشەی جیهاندا کرد.