کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلەفییەکانی شاری جوانرۆ بە نارنجەك هێرشیان كردە سەر دووكانێكی پارچە فرۆشی

22:45 - 17 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەشاری جوانرۆ ژمارەیەك لەئەندامانی سەلەفییەكان بەنارنجەك هێرشیان كردۆتە سەر دووكانێكی پارچە فرۆشی لەو شارە.

شەوی یەكشەممە رێكەوتی ١٦ی پووشپەڕ ژمارەیەك لەئەندامانی سەلەفییەكانی شاری جوانرۆ بە بێ‌هیچ هۆیەك هێرشیان كردۆتە سەر دووكانێك و خاوەنی ئەو دووكانەیان داوەتە بەر چەقۆ.

بەوتەی هاووڵاتیانی شاری جوانرۆ ئەو سەلەفیانە ژمارەیان پێنج كەس بوونە و لەگەڵ خۆیان نارنجەكیشیان پێ‌بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا سایتی دانا وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەو هەواڵە راشیگەیاندووە، ئەو پێنج كەس نارنجەكەكەیان هاویشتۆتە ناو دووكانەكە و سەرجەم پارچەكانی ناو ئەو دووكانە سووتاون.

هاووڵاتیان شاری جوانرۆ بەبەردەوامی لەو باوەڕەدابوونە، ئەو سەلەفیانە بەشێوەی ناراستەوخۆ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ‌دەكرێ‌و وتووشیانە: هەتا ئێستا چەندین جار كاری خراپ لەلایەن ئەو سەلەفیانەوە ئەنجام دراوە و رێژیم لەو بارەیەوە بێدەنگە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لاوێكی جوانرۆیی بەناویهیوا محەممەدی لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكاندا، لەناوچەی وەزیرستانی پاكستان كوژرابوو.