کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەکان تاکە دۆستمان نین

18:48 - 30 رەزبەر 2719

کەریم پەرویزی

سەدان ساڵە کە نیشتمانی کوردان لە بەردەم هەڕەشە و هێرشدایە و لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا بە سەدان و هەزاران جار هێرشی خێڵ و عەشیرەت و کۆچەرییەکان و ئیمپراتۆرییەکان بۆ سەر کوردستان تۆمار کراوە و سەدان تراژێدی و حەماسە خوڵقێنراون.

لەم چەندین سەدەیەدا هەرجار کە دوژمنان و تاڵانکەران هێرشیان کردۆتە سەر کوردستان، گەر کورد توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەدان هەزار لەشکری تاوانبارانی نەبووبێ، پەنای بردۆتە بەر شاخ و دۆڵەکانی چیا سەرکەشەکانی کوردستان و شاخەکان بوونەتە پەناگە و پشتی کورد تاکوو لە تراژێدییەکاندا بیپارێزن.

لەشکری داگیرکەریش کە لە رێگەی عەرزەوە هێرشیان کردووە، لە دۆڵ و هەورازەکاندا توانای هێرشیان لەدەستداوە و بەناچار وازیان لە کورد هێناوە و چوون بۆ شوێنی دیکە. بەم شێوە شاخ لە مێژووی چەندین سەدەو هەزارەی کوردستاندا بۆتە تاکەدۆستی کورد.

بەڵام ئێستا چەند شتی گرنگ ئاڵوگۆڕیان تێدا رووی داوە و ئەم پشتوپەنایەی کورد لەو دۆخەی جاران تێپەڕیوە.

ئاڵوگۆڕێکی گرنگ ئەوەیە کە تێکنۆلۆژیی شەڕکردنی دوژمنانی کورد زۆر گۆڕاوە و ئێستە بێ ئەوەی پێویستییان بە عەرز و هێزی پیادە بێ، بە رێگەی مانگی دەسکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی ئاسمانییەوە تا قوڵترین دۆڵەکان و ئەستەمترین لووتکە و رەوەزەکان هێرش دەبەن و چیدی شاخ بەو ئاسانییە ناتوانێ پەناگەی مانەوەی کورد بێ، کە ئەمە دۆخەکە بەرەو گۆڕان لە داهاتوودا دەبا.

لەگەڵ هەموو خراپی و خەسارەکانی ئەم تێکنۆلۆژییە شەڕکەرە نوێیانەدا، ئەو ئاکامەشی هەیە کە کورد ناچار دەبێ خەباتەکەی تەنیا گرێدراو بە شاخ نەبێ و دەرگایەک بکاتەوە تاکوو شار ببێ بە پشت و پەنا و بە واتایەکیتر خەباتی شاخ و شار لێک گرێ بدرێن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتژیک لە خەباتی کورد پێک دێنێ کە شاخ بە تەنیا نابێ و شار دەبێتە دۆستێکی بنەمایی دیکەی کورد.

فاکتەری گرنگی دیکە گۆڕانکارییە لە ئامراز و تێکنۆلۆژییەکانی پێوەندیگرتندا. شۆڕشێک کە لەو بارەوە پێک هاتووە، بۆتە هۆکارێک کە شەڕ و ماڵوێرانی ئیدی لە کوردستاندا بە بێدەنگی بەڕێوە نەچێ.

گەر سەردەمانێک هێرشی دوژمنانی دوورەدەست وەکوو موغولەکان و خێڵەکانی دیکە کە بە بڕینی هەزاران کیلۆمێتر دەهاتنە سەر کورد و یان هێرشی خێڵە دڕندە نزیکەکانی وەکوو هەخامەنشی و لەم دواییانەش ئەتاتۆرک و سەددام و خومەینی و ئەسەد، کارەساتیان لە کوردستان دەخوڵقاند و کەس گوێی لێ نەدەبوو یان چەندین دەیەی دەبرد تا خەڵکانی دیکە بیانبیستایە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چ باسە؛ ئێستا بە خێرایی چەند چرکەیەک تاوانباران ریسوا دەکرێن و لە هەموو جیهان دەنگ دەداتەوە.

ئەمە و ترسی کۆمەڵگاکانی جیهان لە بڵاوبوونەوەی مرۆڤکوژان و دڕندەکان لە هەموو جیهاندا، دۆخەکەی بردۆتە ئاستی دیکە و کورد دۆستی دیکەی بۆ پەیدا بووە کە بریتییە لە رای گشتیی کۆمەڵگا جیاوازەکان و ترسی سیاسەتڤانان لەو رای گشتییە  و ترسی ئەمنیەتیی خەڵک، وەها دەکەن کە کورد دەتوانێ باشتر لە جاران بە دوای دۆستی دیکەدا بگەڕێ.

بۆیە، کوردستان و کورد دۆستی دیکەی بۆ پەیدا بووە و دەبێ بیر لە فراوانترکردنەوەی بازنەی ستراتژیکی خەباتی نیشتمان بکرێتەوە و رایەڵەی دۆستەکان بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێ، تەنیا شاخەکان بە دۆست دانەنێین، چوونکە رەنگە ستراتژیی شەڕی دوژمنان ئەوە بێ کە لە شاخدا قەتیسمان بکەنەوە و لەوێدا لەنێومان ببەن.

شار و شاخ و رایەڵەی جیهانی بکەین بە کۆڵەکەکانی خەبات تاکوو بە‌ هێز و هزری  نوێوە مێژوو بە دەستی خۆمان بنووسینەوە.