کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار چەک هەڵ دەگرێ

17:01 - 31 خەرمانان 2718

کەریم پەرویزی

سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری و ستەمکاریی بەردەوامی هەر سیستمێک، وا لە خەڵک دەکا هەڵوێست و سەرهەڵدانیان توند و توندتر بکەنەوە و گەر سیستمێک هیچ دەرگایەکی بۆ چاککردنەوە و گوێ لە دەنگی خەڵک گرتن نەبێ، ئەوا خەڵک بە ناچار تا ئاستی هەرەبەرزی بەرەوڕووبوونەوەی رێژیم دەچن.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک بە چوار دەیەیە کە بە هەموو شێوەیەک ستەمی چەندقات لەسەر هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت لەسەر نەتەوە ستەملێکراوەکان بەڕێوە دەبات. ئەم رێژیمە هیچ دەرەتانی وەدواکەوتنی مافەکانی خەڵكی بۆ نەتەوەکانی ئێران نەهێشتۆتەوە و هەموو رێکارە سیاسی و مەدەنی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن خەڵک و تێکۆشەرانی سیاسییەوە پەیڕەو کرابێ، لەگەڵ توندترین شێوازی سەرکوت بەرەوڕوو بۆتەوە و تەنانەت چالاکانی ژینگەپارێزیش لە ئاگری ستەمکاریی رێژیمی ئاپارتایدی ئیسلامیی تاران و سوپا تیرۆریستییەکەیدا سووتێندراون.

خەباتی چەکداریی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بۆ ماوەی دوو دەیە راگیرا و کورد جیا لە، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە بەشێکی دیکەی کوردستانیشدا، ئەو دەرەتانەی بە رێژیمی ئیسلامیی تاران دا کە لەو بیست ساڵەدا هەنگاوێکی سیاسی بگرێتە پێش بۆ کرانەوە بەڕووی خەڵکی کورددا و کوردستان لەو هەموو گوشار و میلیتاریزەکردن و کوشتارە دەرباز ببێ و کۆماری ئیسلامی لە یاساکانی خۆیشیدا بووبێ ئاڵوگۆڕێک پێک بێنێ و کوردستان بە هەندێک لە مافە سەرەتاییەکانی بگا، بەڵام کۆماری ئیسلامی لەو بیست ساڵەدا تەنیا سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆنی زۆرتر کرد، بانگەشەی نەمانی خەباتی لە کوردستان کرد و هەوڵی دا لەباتی چەک، "مەوادی موخەدیر" بداتە دەست لاوەکانی کوردستان!

ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە، کوردستانی رۆژهەڵاتی ناچار کرد کە قۆناخێکی دیکەی  خەبات بگیرێتە پێش و راسانی رۆژهەڵات، ئەم قۆناخە نوێیەیە کە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەست پێ کردووە و پلە بە پلە بەرەو لووتکە هەڵدەکشێ. راسان بریتی نییە لەوەی ئەرکی رزگاریی نەتەوەیی بخرێتە تەنیا ئەستۆی پێشمەرگە و شاخ، بەڵکوو بریتییە لە گرێدانی خەباتی شارو شاخ، واتە هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەییەکانی خەباتێکی نیشتمانی کە نەتەوەیەک دەتوانێ بیگرێتەبەر تاکوو بە هەمووان و وێکڕا، خەباتێکی بەجەماوەریتر بەڕێوە ببەن، ڕەچاو بکرێن و هیچیان کەمتر لەوی دیکەیان نەبن، یانی شار و شاخ پێکەوە دەسلەملانی خەباتێکی فرەڕەهەند دەبن تا گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن و بونیاتنانەوەی نیشتمانێکی نوێ.

لەم دۆخەشدا دەبینین کە کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی تاران، وەکوو هەمیشە لە خەڵک و مافەکانیان و قسەکانیان تێ ناگا و تەنیا دەیەوێ بە نمایشی سەربازی و کوشتار و تاوان و تیرۆر، ئەسڵی پرسەکە بسڕێتەوە. لەبەرامبەر ئەم تاکتیکەی کۆماری ئیسلامیدا، دەبینین کە وردە وردە، شاریش دەست دەداتە چەک بۆ پاراستنی خۆی. ئەگەر پێشتر خەباتی پێشمەرگانە بریتی بوو لە تیم و هێزی پێشمەرگە لە شاخ و هێزی رێژیم بە چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو زەربەی لێ دەدا و بە مووشەک لە بنکە و بارەگاکانی دەدا، شاری چەکدار، دەبێ بە زۆنگاوێک بۆ هێزی سەرکوتکەر کە لە نێو خۆیدا دەیخنکێنێ.

چەکداربوونی شار تەنیا لە کوردستانیش نییە، هەر وەک نموونەکانی دەبینین و هاتۆتە سەر ئەرزی خۆنواندن، لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەش سەر هەڵدەدا و گەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەچەک وڵامی داخوازیی خەڵک و پرسە سیاسی و نەتەوەییەکان بداتەوە، داهاتووی ئێران، لە زۆر نیزیکدا شاری سەرتاپا چەکدار دەبێ کە لە نێو شەقامەکانی شاردا سەنگەر لێ دەدرێ.