کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات بەشداری لە سێمینارێکی کۆمەڵەدا کرد

11:16 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆرویژ لە سێمینارێکی سیاسی کە بۆ سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکهاتبوو، بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە دوای بانگهێشتی فەرمیی کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە وڵاتی نۆرویژ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "کامیل قادری" بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لەو وڵاتە، لە سمینارێکی سیاسیدا کە لە لایەن کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەوە لە نۆرویژ، لە ناوچەی "ستروێمن" بۆ "عەبدوڵڵا موهتەدی" سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە پێکهاتبوو بەشداریان کرد.

موهتەدی لە باسەکەیدا پەرژایە سەر بزووتنەوەی جەماوەریی دژ بە ڕێژیم کە نزیک بە ساڵێکە سەری هەڵداوە و لە یەکەم سەرهەڵدانیدا بە شێوەیەکی گشتگیر زیاتر لە سەد شار و شارۆچکەی لەخۆ گرت.

ناوبراو هەروەها چووە سەر باسی ئەگەرەکانی ئاڵوگۆڕ و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە هەموو مەیدانەکاندا خۆی ببینێتەوە و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات.

موهتەدی بە وردی چووە سەر باسی کوردستان و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی پێشنیاریش دا.

ناوبراو باسی نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێران، پێوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، خۆشبینی بە داهاتووی ڕووداوەکان لە ئەگەری وریابوون و یەکگرتوبوونی کورد کۆمەڵێکی دیکە لەو خاڵانە بوون کە موهتەدی قامکی لەسەر دانان.

لەو سێمینارەدا، شاندی حیزبی دێموکرات بۆچوونەکانی خۆی بە کورتی پێشکەش بە کۆڕەکە کرد.