کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی UNPO لە پارلمانی ئورووپادا بەشداریی کرد

11:10 - 17 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی UNPOدا بەشدارییان کرد و لەبارەی پرسی کورد و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ قسەیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی UNPO لەژێر ناوی "سەرەڕۆییەکانی دەوڵەت لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا"، بە هاوکاریی UNPO  و گرووپی سوسیال دێموکراتەکان لە پارلمانی ئورووپادا بەڕێوەچوو.

لەو کۆڕەدا، نوێنەرانی کورد، عەرەب، بەلووچ و ئویغورەکانی چین بەشدار بوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، نوێنەرانی UNPO  قسەکانی خۆیان پێشکەش کرد. باسیان لە ڕاپۆرتێک کرد کە بە هاوبەشیی زانکۆی ئاکسفۆرد بەنیسبەت سەرەڕۆییەکانی دەوڵەت لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئامادە کرابوو.

پاشان "تەیموور ئەلیاسی"، وەک نوێنەری ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان باسێکی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەربەستەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

دواتر "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلمانی ئورووپا باسێکی لەسەر پرسی کورد و بەربەستەکانی لە نێوخۆ و بەتایبەت دەرەوە کرد. بەو مانایە کە پرسی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و کەمایەتییەکان تەنیا پەیوەست بە دەوڵەتەکان نییە، بەڵکوو لە ئاستی نێوەدەوڵەتیشدا لە بواری بەهێند وەرنەگرتن و جیاوازی دانان لە نێوان زانیارییەکانی دەوڵەت و کەمە نەتەوەییەکان، بەربەست هەیە.

لە هەمان ڕۆژدا، شاندی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداریی کرد. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئیزدییەکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕێکخرابوو کە لەژێر هەڕەشەی هێرشەکانی تورکیەدان.

ئەو کۆبوونەوەیە لە لایەن "ئەڤین ئینجیر"وە ڕێکخرابوو.

لەم کۆبوونەوەدا ئاوڕ لە پرسی ئیزیدییەکان لە  کوردستانی ڕۆژئاوا لە ڕەهەندی مێژوویی، سیاسی و داواکارییەکانیان لە یەکیەتیی ئورووپادا درایەوە.

بەشداربووان سەرنج و بۆچوونی خۆیان لەگەڵ داواکانی خۆیان بۆ پاراستنی ئیزیدییەکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا خستە ڕوو کە تێیدا داوای هاوکاری، ناوچەی دژە فڕین و هەروەها بە فەرمی ناسینیان دەکرد.

لە بەشێکی ئەو کۆبوونەوەیەدا "مۆنا سیلاوی" وەک نوێنەری عەرەبەکان باسی لە ئەزموونی خۆیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا کرد. ناوبراو کۆمەڵێک پێشنیاری خستەڕوو.

پاشان نوێنەری ئویغورەکانی چین قسەی کرد و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ مەودایەک هەبێت بۆ کەمایەتییەکان تاکوو دەنگیان بە کۆمەڵگای جیهانی بگات.

نوێنەری بەلووچەکانی پاکستان ئەزموونی خۆی لەو بوارەدا خستەڕوو کە چۆن لە لایەن دەوڵەتەوە گوشاریان دەخرێتە سەر.

دواتر دوو ئەندام پارلمان لە گرووپی سوسیال دێموکراتەکان، "جوولی وارد و ئیزابێل سانتۆس"، تێگەیشتنی خۆیان خستە بەر باس.

ئەو دوو پارلمانتارە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی وەک پارلمانی ئورووپا لەسەر ئەو بەربەستانەی بەرەوڕووی کەمە نەتەوەکان لە ئاستی نێونەتەوەیدا دەبنەوە، یارمەتیدەر بن.