کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سەرۆکی گرووپی حیزبی «N-VA» دیدارێکی پێک هێنا

11:17 - 4 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ "پیتێر دێ ڕۆڤێر"، ئەندامی پارلمانی فێدراڵی بێلژیک و سەرۆکی گرووپی ئالیانسی نوێی فلەمان N-VA  لە پارلمان، سەردانی پارلمانی ئەم وڵاتەیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەزڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا بە هاوڕێیەتی "ئازاد کوردی"، نوێنەری کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک، لە ئۆفیسی تایبەتی "پیتێر دێ ڕۆڤێر" لە پارلمانی فێدراڵی بێلژیک کۆبوونەوە.

مەبەست لەم دیدارە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ناساندی زیاتری پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەت پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە حیزبە ئورووپاییەکان و هەروەها دانی زانیاریی پێویست لەسەر بارودۆخی نەتەوەی کورد لە ئێران بە کەسایەتی و لایەنە ئورووپاییەکان بوو.

پێشێلکارییەکانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زۆربەی بوارە بەرچاوەکان و هەروەها دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی کورد و کوشتن و بریندارکردنی بەردەوامی کاسبکار و کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان، مژارەکانی بەرچاوی نوێنەری حیزب لەگەڵ سەرۆکی گرووپی حیزبی N-VA  لە پارلمانی فێدراڵی بێلژیک بوون.

"پیتێر دێ ڕۆڤێر"، وێڕای دڵخۆشبوونی بەم سەردانەی شاندی حیزب، تیشکی خستە سەر هەڵسوکەوت و سیاسەتە دژ بە یەکەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر پرسی نەتەوەکان لەم وڵاتە و ئاماژەی بەوە کرد کە خۆیان ئەم چەواشەکارییانەی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ بەلاڕێدابردنی پرسی کورد بینیوە و   لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی دوو لایەن، بەڵێنیی دا کە هاوکارییەکان لەم بوارەدا درێژەیان هەبێت.

ئالیانسی نوێی فلەمان N-VA ، بەرچاوترین حیزبی سیاسیی بێلژیکە و بە حیزبێکی ناسیۆناڵیستی فلەمان لە بێلژیک ناسراوە. ئەم حیزبە پشتیوانیی بەردەوام لە پرسی کورد وەکوو نەتەوەیەک دەکەن.