کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات و پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئێد كۆ بوونەوە

16:52 - 19 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئێد، لەبارەی پرسی کورد گفتوگۆ کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز لە شاری یۆتۆبۆری شاندێکی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئێد کۆمیتەی حیزبێ دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری یۆتۆبۆری بانگهێشت کرد.

شاندی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئێد لە "ماتیاس یانسۆن بەرپرسی سۆسیال دێموکرات لە هەرێمی یۆتالاند، پارلەمانتار، ئەندام پەرلەمانی سوئید، دیاکۆ شێخ ئاغایی، بەهرە ساڵح و ڕۆگرۆ بۆتانسۆن" و شاندی حیزبی دێموکراتیش لە: "سیرووس ڕەئووفی بەرپرسی کۆمیتە، کەریم حاجی ڕەسووڵی و بونیاد جەلالی" پێکهاتبوو.
لە دەسپێکدا "ماتیاس یانسۆن" باسێکی گشتیی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی پارتی سۆسیال دێموکرات کرد و بە بایەخەوە باسی لە پرسی کورد و ڕووداوەکانی پەیوەست بە میللەتی کورد کرد.
لە درێژەی باسەکانیدا جەختی لەسەر هاوکاریی دوو لایەنەی پارتەکەیان و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات وەک هێزێکی سیاسی چالاک لە شاری یۆتۆبۆری کردەوە و داواکاری زیاتر برەودان بە هاوکاریی نێوانیان بوو.
لە نێوەڕۆکی دانیشتنەکەدا سپاس و پێزانینی کۆمیتەی حیزبی بۆ ئەو بانگهێشتە پێشکەش بە شاندی خانەخوێ کرا.

لەو دانیشتنەدا، "بونیاد جەلالی" بەوردی دوایین ڕووداوەکانی پەیوەست بە پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستە بەرباس.

ناوبراو داوای لە پارتی سۆسیال دێموکرات کرد، بە لەبەرچاوگرتنی پێگە و دەسەڵاتیان گرینگیی زیاتر بە پرسی کورد بدەن.

جەلالی داوای کرد هەوڵ بدەن ڕەفتارە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پارلەمانی سوئێد و ناوەندە نێونەتەوەییەکان زیاتر زەق بکەنەوە و کردەوە تیرۆریستیەکانی ڕێژمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا ئیدانە بکەن.