کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان لە ڕێوڕەسمی پرسەی "حەمید دەروێش" بەشداریی کرد

16:29 - 7 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان، لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "حەمید حاجی دەروێش"، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریه، بەشداریی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، به بۆنەی کۆچی دوایی "حەمید حاجی دەروێش"، سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریه، ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی لە لایەن ئەو حیزبەوە لە وڵاتی ئاڵماندا بەڕێوەچوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە سەرپەرستیی ''حیسام ئەحمەدی''، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتە، بەشداریی کرد.

شاندی کۆمیتەی ئاڵمان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی تێکۆشەری ''حەمید دەروێش'' و پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد، پەیامی هاوخەمیی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانـ"ـیان بەو بۆنەوە خوێندەوە.

لە بەشێک لە پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات هاتبوو: " کاک حەمید جگە لەوەی کەسایەتییەکی بەرزی سیاسی و نیشتمانپەروەر بوو، دۆستێکی بەوەفای حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو بوو کە تەمەنێکی درێژی لە ڕێگای خەبات بۆ ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی سووریه تێپەڕاند. بۆیە لەدەستدانی، خەمێکی گەورەیە بۆ هەموو لایەکمان".

''عەبدولحەمید حاجی دەروێش'' یەکەمین دامەزرێنەری پارتی کوردی لە کوردستانی سووریا بووە و یەکێک لە دەستەی دامەزرێنەری پارتی دێموکراتی کورد لە سووریا بوو. ناوبراو ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی و لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە قامیشلۆ کۆچی دوایی کرد.