کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی سیاسیدا بەشداری کرد

08:51 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سێمینارێکی سیاسی کە بۆ مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان-باکوور و باران هەمزە ئەندامی مەجلیسی ئورووپای پارتی ئازادی کوردستان - باکوور لە وڵاتی ئاڵمان گیرابوو، بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە، ٤ی رەشەمە، لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان، سێمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێزان مەسعوود تەک، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور و باران هەمزە ئەندامی مەجلیسی ئورووپای پارتی ئازادی کوردستان - باکوور بەڕێوە چوو و شاندێکی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی هوشیار ئەحمەدی بەشداری کرد.

لە سەرەتای سێمینارەکەدا، کە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی سێ حیزبی کوردستانی باکووری کوردستان، بە ناوەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان - باکوور و خۆ ئامادکردن بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیە ساز درابوو، کاک مەسعوود تەک باسێکی پێشکەش کرد.

بەرێز تەک، لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو هۆکار و ئامانجانەی کرد، کە سێ لایەنی نەتەوەییی باکووری کوردستان توانیویانە هاوپەیمانیەکی سێ قۆڵی پێک بێنن و لەو بارەوە وتی: "بەداخەوە ئەو لایەنانەی خۆیان لە سیاسەتەکانی پەکەکە بە نزیک دەزانن، پتر وەک لایەنی تورکی کار دەکەن و کەمتر ڕەنگ و بۆنی نەتەوەیی بە شێوازی سیاسەت و ئاخافتنەکانیانەوە دیارە و ئەوەش زیانی قورسی بە پرسی کورد گەیاندووە، هەر بۆیەش هاتووینە سەر ئەو باوەڕەی کە پێویستە هاوپەیمانەتێکی دێموکراتیکی کوردستانی بە مەبەستی وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیییەکان و گەیشتن بە مافی نەتەوەییی کورد پێک بێنن".

کاک مەسعوود، لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی: "ئێمە وەک یەکەم کاری هاوبەش، پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەین، کە تا ئێستا زیاتر لە بیست ساڵە زۆرینەیان بە دەست لایەنەکانی نزیک لە پەکەکەوەن و ئەوانیش نەیانتوانیوە لە پێناو خزمەت بە دۆزی کورد کەڵکیان لێ وەرگرن، کە مخابن ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بووەتە هۆی ئەوەی کە دەنگدەرە کوردەکان لە لایەنە غەیرە کوردییەکان نزیک ببنەوە".

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا کاک باران هەمزە ئەندامی مەجلیسی ئورووپای پارتی ئازادی کوردستان -باکوور، قسەی بۆ بەشداربووان کرد و دواتر بەشداربووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ئاراستەی کۆڕگێڕەکان کرد.

شایانی ئاماژەپێدانە شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان وێڕای پێشوازی لە بەڕێزان کاک مەسعوود تەک و کاک باران هەمزە، سڵاوی بەڕێوەبەرانی کۆمیتەی ئاڵمانی پێ ڕاگەیاندن.  هوشیار ئەحمەدی، بەرپرسی شاندی کۆمیتە لە پێوەندی لەگەڵ باسەکانی نێو سێمینارەکە ڕایگەیاند: "سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەر پارچەیەکی کوردستان شێوازی خەبات و دیاریکردنی چارەنووسی بە دەستی خەڵکی همان بەش دیاری بکرێت، لە هەمان کاتیشدا بەپێی توانا و ئێمکان پاڵپشتی و پشتیوانی لە هەموو هێزە خەباتکارەکانی کوردستان و بەتایبەت پارتی سۆسیالیستی کوردستان -باکوور و هەردوو پارتی هاوپەیمانیەتیش دەکات".

 کاک مەسوود تەک، لە وڵامی قسەکانی نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند: "وێڕای سپاس و پێزانینمان بۆ دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ڕێگای ئێوەوە پێیان ڕادەگەیەنین کە هەروەک چۆن ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاڵپشتێکی سیاسی کاریگەرە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان، ئاوا ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو هاوپەیمانەتییە بکەینە پاڵپشتی ڕاسان و ئامانجە پیرۆزەکان لە هەموو کوردستاندا".