کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید لە ڕێوڕەسمی پرسە و بە خاکسپاردنی دایە "مریەم ڕۆستەم پوور" بەشداریی کرد

13:08 - 22 جۆزەردان 2722

ڕۆژی هەینی ٢١ی جۆزەردان شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، بە سەرپەرستیی "ئەبووبەکر ڕەحمانی" بەرپرسی کۆمیتە، لە ڕێوڕەسمی پرسە و بە خاکسپاردنی "دایە "مریەم ڕۆستەم پوور" لە شاری "ڤێسترۆس" بەشداریی کرد.

سەرەتا پەیامی بنەماڵەی کۆچکردوو لەلایەن "عەلی درەختی" خوێندرایەوە.

"دەرختی" باسێکی تێروتەسەلی لەسەر ژیاننامەی دایە "مریەم" و بنەماڵەی خۆڕاگر و بوێری ناوبراو وەک شێرەژنێکی کوردپەروەر و دێموکرات پێشکەش کرد کە هەردەم یارمەتیدەری پێشمەرگە بوونە و لەو پێناوەدا دوو کوڕی بە ناوەکانی شەهید "محەممەد عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزی" کە گیانیان  لە ڕێگای ئازادیی گەل و نیشتمان بەخت کردووە.

پاشان "ئەبووبەکر ڕەحمانی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید پەیامی کۆمیتەی پێشکەش کرد.

"ڕەحمانی" لە وتەکانیدا دایە "مریەمـ"ـی وەک هێمای شێرەژنی کورد و نموونەیەک لە ژنانی ئازا و بەجەرگی نێو شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان وەسف کرد و پەیامی سەرخۆشی و هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی بە بنەماڵەی دایە "مریەم" ڕاگەیاند.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی هاوخەمیی مامۆستا مەلا "حەسەن شێوەسەڵی" لەلایەن "ئاوارە جەلالی" خوێندرایەوە.

مامۆستا لە پەیامەکەیدا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی بۆ کۆچی دوایی دایە "مریەم" و هاوخەمیی حیزبی "دێموکراتیـ"ـشی بە بنەماڵەی "ڕۆستەم پوور و عەزیزی" ڕاگەیاند و خۆڕاگری و قارەمانیەتیی دایە مریەمی بە جوانی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە.

لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لە زوڵم و زۆر و هێرشی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و هێرش بۆ سەر شاری سەردەشت و گوندەکانی "بێور و بێوران" بە تایبەتی کرد کە بە چەکی قورس و فڕۆکە خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج.  

هەروەها باسی لە قارەمانێتیی خەڵکی "بێور" و ئەو دەڤەرەی کرد کە چۆن ئازایانە و قارەمانانە بەرەنگاری ئەو هێزە داگیرکەرەیان کردووە و چەندین جار شکەستیان بە داگیرکەران هێناوە، باسی شەهیدبوونی قارەمانی و خۆڕاگریی ئەو شەڕە قورسەی بە ناوی "محەممەدئەمینی مەلا عەزیزی" کرد.

 مامۆستا بە تێروتەسەلی باسی ئەو ڕووداوانەی کرد کە لە بێور و بێوران ڕووی دابوو، هەروەها لەسەر بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان باسی کرد کە لەلایەن ڕێژیمی نەگریسی ئاخوندییەوە براوە و تێک دراوە.

لە درێژەدا باسێکی تێروتەسەلی لە هەموو خۆڕاگرییەکانی دایە "مریەم" و بنەماڵەکەی کرد کە پاش ساڵانێکی زۆر دەربەدەری و کەمپنشینی ژیانی پڕ لە مەرگەسات، هاوکات لەگەڵ دەیان بنەماڵەی بێورەکان کە پەڕیوەی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئورووپا بوونە کرد کە سەرەڕای تەواوی ئەو نەهامەتییانە لەسەر بیر و باوەڕی، ئازایانەی خۆیان مانەوە و تا ئیستاش سەریان بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شۆڕ نەکردووە و بە باوەڕی توندەوە لەسەر ڕێگای بەرەنگاری و خەبات و تێکۆشان بەردەوام ماونەتەوە.

لە کۆتاییدا مامۆستا باسێکی لەسەر وەسفی قارەمانانەی شەهید "ڕەسوول عەزیزی و محەممەد عەزیزی و ڕەحمان مەرەخانی" و  باقیی قارمانانی دیکە کرد.