کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزبی دێموکرات لە کۆڕی ماتەمینیی شەهید "مووسا باباخانی" لە وڵاتی سوئید بەشداریی کرد

11:43 - 2 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژ، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی دوکتور ''ئیدریس ئەحمەدی'' ئەندامی ناوەندی سیاسی و هاوڕێیەتیی کۆمیتەی سوئید لە ڕێوڕەسمێکدا کە لەلایەن هاوڕێیانی دیکەی دێموکراتەوە بۆ شەهید ''مووسا باباخانی'' ڕێک خرابوو، بەشداریی کرد.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێک هاتبوو لە دوکتور ''ئیدریس ئەحمەدی''، ''ئەنوەر کاکایی'' ئەندامی یەکەی کارگێڕیی دەرەوەی وڵات، ''مەولوود عەبدیلزادە'' بەرپرسی کۆمیتەی سوئید و ''چیا عەلیار'' بەرپرسی پێوەندییەکان بە هاوڕێیەتیی بەشێکی دیکە لە ئەندامان و بەرپرسانی حیزبی لەو وڵاتە لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای دانانی تاجەگوڵی وەفاداری بە شەهیدان، بەشدار بوون.

سەرتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێكرد و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.

دواتر هاوخەمیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید لەلایەن ''چیا عەلیار'' خوێندرایەوە کە تێیدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ هاوسەنگەرانی شەهید ''مووسا'' و بنەماڵەکەی، هاوکات جەخت لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بە هەموو جیاوازیی ڕوانینەکانەوە کرایەوە تا لەو سۆنگەیەوە کوردی ڕۆژهەڵات وەک هێزێکی شوێندانەر لە ئاڵۆگۆڕە سیاسی و کێشە چاوەڕوان نەکراوەکاندا دەر بکەوێت.

لێبووردەیی و خوێندنەوەی یەكتر، لە پێناو بەرژەوەندیی بەرزی نەتەوەیی و بەهێزکردنی خەباتی شار و شاخ وەک سیاسەتی حیزبی دێموکرات جەختی لەسەر کرایەوە و باس لەوە کرا کە لەو ڕاستایەدا حیزبی دێموکرات کاری جیدیی كردووە و هەنگاوی ڕژدی هەڵگرتووە.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە دوو حیزبی سوئێدی و چەندین لایەنی کوردستانی بەشدار بوون لە پەیامەکانیاندا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و مەحکوومکردنی تێروریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەیان بە پرسی یەکگرتنەوە لە حیزبی دێموکراتدا کرد و تێکڕا بە ئەرێنی و دڵخۆشکەر وەسفیان دەکرد.

ئەو ڕێورەسمە کاتژمێر ٥ ئێوارە بە سروودی "ئەی شەهیدان" کۆتایی هات.