کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاهۆ حوسێنی: کۆماری ئیسلامی لە چاخی زێڕینی بێ ئۆپۆزیسیونیدا حکوومەت دەکات

12:39 - 3 خاکەلێوه 2721

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ساڵی ٩٩ لە حاڵێکدا دەستی پێکرد کە خۆپیشاندانەکانی ٩٨ دۆخێکی جیاوازیان لە ئێران هێنابووە ئاراوە، گەمارۆی قورسی ئامریکا، تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شەڵەژانی بازاڕ و هەڵاوسانی پەرەسەندوو دۆخی ژیانی خەڵکی ئەوەندەی دیکە نالەبارتر کرد، متمانە بە ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی دابەزی و هیچ کرانەوەیەکیش لە کەشی سیاسی و میدیاییدا پێک نەهات.

لە وەها دۆخێکدا دژبەرانی ڕێژیم کە تەنیا ڕووخانی ڕێژیم بە تەنیا ڕێکار دەزانن، لەو ڕاستایەدا چ هەنگاوێکیان هەڵ گرت و هەتا چەندە بەرەو پێش ڕۆیشتوون؟

لە وتوێژێکدا لەگەڵ بەڕێز "شاهۆ حوسێنی" شرۆڤەکاری سیاسی، ئەم بابەتەمان خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین:

- ساڵی ٩٩ بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چۆن تێپەڕی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو  قەیرانانە سیاسی و ئابوورییانەی کە بەرۆکی ئەو ڕێژیمەی گرتووە، ئێستا ڕێژیمی ئیسلامی لە چ دۆخێکدایە؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمنییەکانی ئامریکا، ئێران و ڕووسیە هەوڵی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئامریکایان داوە، ئێران لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن و ڕووسیە لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترامپ. دیارە ئەوە بەو مانایە دێت کە ئابلۆقە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران مەترسیی جیددی خستبووە سەر ئێران و ئێران بە تەما بوو بە دەرکەوتنی جۆ بایدن بە زوویی ئەو ئابلۆقانە لەسەر ئیران هەڵبگیرێن، ئەمەش بەو هۆکارە بوو کە بایدن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسی لە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی دەکرد، هەروەها لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا کە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کرا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ئێران بەخشرا جێگری سەرۆک کۆمار بوو. بەڵام ئەو چاوەڕوانییە نەهاتە دی و ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ئامریکا هێرشەکانی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و لە کەنداو بۆ سەر کەشتیی نەوتهەڵگر و بارهەڵگرەکان پەرە پێدا، بەڵام ئەو دژکردەوانەش هیچ سوودێکی نەبوو، بۆیەش ئابووریی ئێران لە ساڵی ٩٩شدا زیاتر لە ساڵانی پێشوو داڕما و پەرەی ئەم دۆخە بەربڵاوتر بوونی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی لەن اوخۆ لێکەوتەوە، واتە ناڕەزایەتییەکان بەربەرینتر بوونەوە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە قەیرانی پەتای کۆرۆناش کارتێکەری زۆری لەسەر ئابووریی ئێران داناوە. بەگشتی کۆماری ئیسلامی لە قەیراناویترین دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیدایە، دەسەڵاتێک کە لەلایەک نە مەشرووعییەت و نە مەقبووڵییەتی هەیە و لەلایەکی ‌تر هیچ توانایی و ئیرادیەکیشی بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە هەیە.

- لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چ گۆڕانگارییەکی ئەوتۆیان لە کار و تێکۆشانی خۆیاندا هێناوە ئاراوە، واتە کارنامەیەکی باشیان هەبووە؟

ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگوزەرێین کە ئەزموونی زێدە لە حەفتا ساڵ خەباتی سیاسی و حیزبیی لەگەڵدایە، نەتەوەکانی ‌تری ئێران بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری لەوپەڕی لاوازی، بێ‌ گەڵاڵەیی و پەرتەوازییدا ساڵی ٩٩یان بەڕێ کرد، نە توانییان گوتارێکی گشتگیر بۆ یەکگرتووکردنی کۆمەڵانی خەڵک بەرهەم بهێنن و نە توانییان ڕێنوێن و ڕێگا‌پیشاندەری کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی بن. بەگشتی دەشێ بوترێت کە کۆماری ئیسلامی لە چاخی زێڕینی بێ ئۆپۆزیسیۆنیدا حکوومەت دەکات.

- ئایا بەشی زۆری خەڵک کە هیچ متمانەیەکیان بەو ڕێژیمە نەماوە، هەتا چەندە خۆیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ڕێک خستووە و ئۆپۆزیسیۆنیش هەتا چەندە توانیویەتی خەڵک لە بەرەنگاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕێک بخات؟

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ئێران کۆمەڵگایەکی فرە نەتەوە، فرە ئایین و هەر بەو پێیەش فرە کەلان خواست و ئایدەیە، گوتارێکی گشتگیر کە لەلایەک بتوانێت ئاوێنەی باڵانوێنی خواستە جیاوازەکانی کۆمەڵانی جیاوازی ناو ژێئۆپۆلیتیکی ئێران بێت و لەلایەکی ‌تر گوتاری دژبەر و ڕەقیبی ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی بێت، هێشتا سەری هەڵنەداوە. هەر بۆیەش هێشتا ئۆپۆزیسیۆن وەک پێکهاتەیەکی لێک گرێ ‌دەرەوەی کۆمەڵانی خەڵک و گوتاری دژبەر و ڕەقیبی دەسەڵاتی حاکم دەرنەکەوتووە، ئەگەرچی هێندێک ڕێکخراوە و گرووپ بۆ وێنە چەپەکان سەڵتەنەتخوازەکان و موجاهیدین هەن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە لەلایەک متمانەی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک لە دەسەڵات وەربگێڕن و لەلایەکی ‌تر لەناو بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامیدا جێگیریان بکەن.

- سەرەڕای ئەویکە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە هاوڕان، ئایا حیزبە کوردییەکان لەگەڵ یەک لەلایەکی، هەروەها لەلایەکی دیکەش لەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی غەیرە کورد توانیویانە لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی کە وڵامدەری داخوازیی هەموو لایەک بێت، ڕێک بکەون؟

بێگومان ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئەگەرچی مێژوویەک و ئەزموونێکی بەنرخی لە کاری ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە، بەڵام لەپاش دامرکانی خەباتی چەکداری تووشی لێکترازان و لێک‌دابڕاوی هاتووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی پێویستی بە جۆرێک دابڕانی ئیپێستمۆلۆژیک هەیە، واتە پێویستە شێوازی خوێندنەوەی لە خود، ئەوی ‌تر و دیاردەکانی ‌تری بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری بگۆڕێت، ئەو دابڕانە ئێپیستمۆلۆژیکە دەتوانێت هەموو ئەو دیاردانەی کە بنەما و سەبەبی لێکترازان و دابڕانەکانە وەلا بنێت و بە هاتنە ئارای خوێندنەوەی نوێ و بەڕۆژ، بەستێنێکی نوێ و تازە بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتن بەدی دێت.

- بە لەبەرچاو گرتنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی کە کۆماری ئیسلامی تووشی بنبەست کردووە و ئاستی ناڕزایەتییەکانی خەڵک هەروا بەرز دەبێتەوە، حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێ چ بکەن؟

بێگومان قووڵتربوونەوەی کەلێنی نێوان حکوومەت و کۆمەڵانی خەڵک بە مانای سڕینەوەی مەشرووعییەت لە دەسەڵاتە و ئەمەش گەورەترین شەرعییەتە بۆ زەروورەتی ئاڵوگۆڕی و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، لەوەها دۆخێکدا ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی بەرهەمهێنانی گوتارێکی گشتگیر و دژبەری حکوومەتە بۆ ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی کۆمەڵانی خەڵک، لەوەها دۆخێکدا ناڕزایەتییەکان مەودا پەیدا دەکەن و کەلێنی دەسەڵات و کۆمەڵگا ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و ئەو شەڕە فەرسایەشییە ڕۆژ بەڕۆژ حکوومەت لاوازتر و ناڕازییەکان بەهێز‌تر دەکات.