کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریف بێهروز: ڕێژیم دەیهەوێت بە جیهان پیشان بدات کە ئەگەر قەرار بێت ئێران بسووتێت، ئەوە دەبێ گشت ناوچەکە لەگەڵ خۆی بخاتە نێو ئاگرەوە

16:35 - 5 سەرماوەز 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ڕێژیمی ئێران دوو حەوتوو لەمەو پێش، بە زیادکردنی گاز بۆ ئامێرەکانی پیتاندنی ناوکی لە وێستگەی "فۆردۆ"، هەنگاوی چوارەمی بۆ کەمکردنەوەی پێبەندییەکانیان بە ڕێککەوتننامە ناوکییەکەی ساڵی  ٢٠١٥ ڕاگەیاند. هاوکات ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێکەوتنی ناوکی، کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لێکەوتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی بەرجام، دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ئێران. پێشتریش یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی ڕێژیمی ئێران لە بەرجام هۆشداریی بەو ڕێژیمە دا کە ئەگەر لە بەرجام زیاتر بکشێتەوە، ئێمەش چارەیەکمان نییە جیا لەوەیکە لە بەرجام بکشێینەوە.

لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ ''شەریف بێهروز''، چالاکی سیاسی، وتووێژێکمان پێک هێناوە کە سەرنجتان بۆ خۆێندنەوەی ڕادەکێشین.

١- دوای هەڵگرتنی هەنگاوی چوارەم لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئێستا ڕێکەوتننامەی بەرجام لە چ دۆخێکدایە؟

لە بنەڕەتدا، پاش چوونە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێکەوتننامەکە، بەرجام هیچ مانا و واتایەکی نەماوە. ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی بۆ تەرخانکردنی سامانی وڵات بۆ بەرنامە ناوکییەکەی لە ئەگەری سەرکەوتوو نەبوون لەدەست نەگەیشتن بە چەکی ناوکی، ئیمتیاز وەرگرتن لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئامریکا بۆ لابردنی گەمارۆکان بوو. ئیدارەی پێشووی ئامریکاش گەمارۆی وەکوو کارتی گوشار بەکار دەهێنا کە بتوانێت لە ڕێگای وتووێژ و لەسەر مێزی وتووێژ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تر، کێشەی ناوکیی ئێران چارەسەر بکات.

ئەوەی ڕاستی بێت، کێشەی ڕێژیمی ئێران و مەترسییەکانی بۆ دراوسێیەکان و ناوچە و وڵاتە زلهێزەکان بەردەوام کێشەساز بووە و کاربەدەستانی ئامریکا ناتوانن لەهەمبەر ئەم کێشەیە بێدەنگی ڕەچاو بکەن.  ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگای بەرجامەوە و دان پێدانان بە جێگە و پێگەی ڕێژیم و ئیمتیازدان، پێی وابوو کۆتایی بەم کێشەیە دێنێت کە لەلایەن زۆربەی لایەنەکان وەکوو سەردانواندن و شلکردن بەنیسبەت ڕێژیم سەیر دەکرا، بەتایبەتی کە ئیسرائیل دژبەری سەرەکیی ئەم ڕێکەوتنە بوو.  ئیدارەی ئێستاش بە هاتنە دەر لەو ڕێکەوتنە و سیاسەتی "گوشاری لەڕادەبەدەر"، دەیهەوێت لەم ڕێگایەوە لەگەڵ ئەم کێشەیە هەڵسوکەوت بکات. نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت کە هیچ کام لەم دوو ڕێگایە کۆتایی بە سەرئێشەکە ناهێنن و ڕێژیم تا ئێستا لە تەواوییەتیی خۆیدا ماوەتەوە و خۆڕاگریی کردووە. بۆ کاربەدەستانی ئامریکا گەیاندنی بەڵێنیی هەڵبژاردن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە گرینگە.  ئۆباما بەڵێنیی دابوو وتووێژ بکات کە کردی و لە هەڵبژاردندا بەکاری هێنا.  ترامپیش هەڕەشەی کردووە کە گوشارەکان زیاتر دەکات، لە بەرجام دێتە دەر و ئەم کارەی کردووە و بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو وەکوو دەسکەوت و بەجێگەیاندنی بەڵێنی، کەڵکی لێوەردەگرێت. 

نانەوەی هەنگاوی چوارەمی شکاندنی بەڵێنییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە بەرجام بە نەمانی ئامریکا بۆ ئێران هیچ قازانجی نییە و ئێران باشترە دووبارە لە کارتی ناوکییەکەی کەڵک وەرگرێت کە ئیمتیازی زیاتر لە ئورووپا و چین و ڕووسیا وەربگرێت.  بەڵام ئورووپاییەکان و ڕووسیە و چین دەڵێن کە ئێمە هەر ئێستاش پێبەند بە بەرجامین و ئێرانیش دەبێ ئەو پێبەندییەی بە بەرجام بهێڵێتەوە. دیارە گشت لا دڵیان بەوە خۆش کردووە کە ئەم دۆخە هەتا سەر ئاوا نابێت و لەوانەیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی داهاتوودا ترامپ جارێکی تر دەنگ نەهێنێتەوە. ئەو پێشێلکارییانەش لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەلماندنی ئەوەیە کە ئێران لە ئورووپا ناڕازییە و هاوکات بە ناوخۆش ئەو پەیامە بدات کە ئەگەر بەرجام سەرکەوتوو نەبووە ئەوە ئەوان بەرنامە ناوکییەکەی خۆیان هەر درێژە پێداوە.

٢- ئایا ڕێژیمی ئێران بەرەو چوونەدەرەوە لە بەرجام دەچێتە پێش؟

ڕێژیم نە ڕایگەیاندووە کە لە بەرجام دێتە دەر و نە دەڵێتیش کە بەڵێنییەکانی شکاندووە، تەنیا ئاستی تەعهودەکانی دابەزاندووە.  تاران دەیهەوێت بە لایەنەکانی بەرجام بڵێت کە دەبێ ئێوە لانیکەم هێندێک هەنگاو هەڵێننەوە وەلۆ کەمیش بێت کە ئێران ئەوەندە لەلایەن ئامریکاوە لە بواری ئابوورییەوە نەکەوێتە ژێر گوشارەوە. ڕێژیم بەو هەنگاوانەی بۆ چڕوپڕترکردنی چالاکییە ناوکییەکانی بە پێچەوانەی بڕیارەکانی بەرجام وردە وردە زیاتر لە ڕێکەوتننامەکە دوور دەکەوێتەوە، بەبێ ئەوەی کە بە فەرمی خۆی لە ڕێکەوتننامەکە باوێتە دەرەوە. ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕێژیم بۆ هاتنەدەر لە بەرجام دەستی ئامریکا زیاتر ئاوەڵا دەکات و ئورووپاییەکان زیاتر بەرەو ئامریکا ڕادەکێشێت و ئەمەش زیاتر ڕێگاخۆشکەرەیە کە جارێکی تر لە کاناڵی ئەنجومەنی ئاسایشەوە گەمارۆکان بەسەر ئێران بسەپێننەوە کە زەرەری قەرەبوونەکراوی بۆ ڕێژیم دەبێت.

بەڵام هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد، هەموو گریمانەکان لە دەوری دووبارە دەنگ نەهێنانەوەی ترامپ لە خولی داهاتوودا دەخولێنەوە. ئیدارەی ئێستا زیاتر سەرقاڵی مانەوە و کارکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویە و هەروەک دەبینین کەمتر باس لە ئێران و کێشە نێودەوڵەتییەکانی تر دەکرێت.  ڕێژیمیش لە تەمەنی ٤ دەیەی خۆی باش لەم کایە تێگەیشتووە و دەزانێت کە ئیدارەی ئێستای ئامریکا هەوەڵییەتەکانی چنە، بۆیە بەرنامەی هەنگاوە ناوکییەکانیان خێراتر دەکەن کە تا لە ئەگەری وتووێژی داهاتوودا ئێران لە ئاستێکی بەهێزتردا وتووێژ بکات.

٣- ئایا ئورووپا و ئامریکا ئەم کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران، واتە کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕیککەوتنی ناوکییان پێشبینی کردبوو؟

بە ڕای من گشت لایەک چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە ڕێژیم وەها هەڵوێستێک بگرێت. بێ هەڵوێست مانەوەیان نە لە بواری نێوخۆیی و نە لە بواری نێودەوڵەتییەوە مەنتیقی نەدەبوو و دەبا پیشانیان دابا کە لە ئاکامی دەرکەوتنی ئامریکا و بێ هەڵوێستیی لایەنەکانی تری ڕێکەوتننامەکە، ڕێژیمی ئێرانیش هەڵوێستی خۆی دەبێت و ئەو بەڵێنییانەی دابوونی، کەمیان دەکاتەوە.  ئورووپاییەکان هیوایان دەخواست کە ئێران تۆزێک زیاتر سەبری هەبێت کە بەو هیوایە ئیدارە لە کۆشکی سپی ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێت.  چونکە ئورووپاییەکان لەگەڵ ئیدارەی ئێستا تەنیا لەسەر ئێران لە کێشەدا نین، کۆمەڵێک کێشەی تر وەکوو، پاراستنی ژینگە، پێوەندیی ئابووری، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و... هەن کە ئورووپا لەگەڵ ئامریکا ناکۆکییان هەیە.

بە ڕای من گشت لا چاوەڕوانیی ئەوەیان دەکرد کە ئێران وەها دژکردەوەیەک لەخۆ نیشان بدات و بەردەوامیش هۆشداریی دابوو کە ئەوان ناتوانن بەڵێنییەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن و لایەنەکانی تر دەستەوەستان بمێننەوە.

٤- ڕێژیمی ئێران دەڵێت، ئێمە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجامدا دەڕۆینە پێشەوە، ئایا ئەم هەوڵانەیان، پێشێلکردنی بەرجامە؟

بێگومان پێشێلکردنی بەرجامە، بەڵام هەر وەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوان ئەو خوێندنەوەی بۆ ناکەن کە ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجامە.  ئەوان دەڵێن تەعهودەکانیان کەمتر دەکەنەوە بە بێ ئەوەی کە ڕێکەوتننامەکە پێشێل بکەن و یان بچنە دەر.  لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی بڕگە سەرەکییەکانی ئەم ڕێکەوتنەن بەبێ ئەوەی کە بە ئاشکرا بڵێن کە پێشێلکاری دەکەن. 

٥- لەمە بەدواوە ئورووپا چ هەنگاوێک دەگرێتە بەر؟

ئورووپا لەسەر کێشەی ئێران بە تەواوەتی دەستی بەستراوە. وڵاتانی ئورووپایی دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بە شیرکەتێکی وڵاتی خۆشیان بڵێن کە درێژە بە مانەوەیان لە ئێران بدەن و گوێ بە گەمارۆکانی ئێران نەدەن.  ئیدارەی ئێستای ئامریکاش دەیهەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەبێ چین و ڕووسیە و ئورووپا بچێتە وتووێژ و ڕێکەوتننەوە، هەر وەکوو ئەوەی کە لەگەڵ کورەی باکوور کردی.  کاربەدەستانی ڕێژیمیش ڕایانگەیاندووە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامریکا وتووێژ ناکەن، بەتایبەت کە ئەم وتووێژانە وەکوو کارتێکی تەبلیغاتی بۆ هەڵبژاردن بۆ لایەنی ئامریکایی سەیر دەکەن.  ڕێبەری ڕێژیم لە سەروبەندی سەفەری سەرۆککۆمارەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەگەری دانیشتن لەگەڵ ئامریکاییەکان ئەمەی بە ڕاشکاوی ڕاگەیاند.

ئورووپا دەبێ چاوەڕوان بێت کە لە ئامریکا چ ڕوو دەدات.  ئورووپاییەکان بە باشی دەزانن کە بەبێ ئامریکا بەرجام فەشەڵ بووەتەوە، بەڵام بە ئێران دەڵێن کە بمێنێتەوە و پێبەند بە بەرجام بێت.  لە لایەکی ترەوە ئورووپا چی تر حازر نییە لەسەر ئێران پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئامریکا تێک بدات. ئورووپا زۆریشی پێ ناخۆش نییە ئێران ئەم پێشێلکارییانە زیاتر بکات کە ئەمانیش بیانوو بە ئێران بگرن و بچنە بەرەی ئامریکا بە دژی ئێرانە و ئەمەش وەکوو کارتێک بە کار بێنن کە ئامریکا لە شوێنەکانی تر بەنیسبەت ئامریکا پاشەکشە بکات و نەرمتر بێت.  زۆر ئاساییە لەم قۆناغەدا ئوروپاش ساتوسەدا بە ئێران بکات ،هەر وەکوو ڕووسیە و چین ساڵەهای ساڵە دەیکەن.

٦- ڕێژیمی ئیران عاقڵانەترین بڕیارێک کە دەبێ بیدات، چییە؟

دیارە بڕیاری عاقڵانە لە ڕێژیمێکی سەڕەڕۆی وەکوو ئێران چاوەڕوان ناکرێت. عاقڵانەترین بڕیار کە لە قازانجی خەڵکدا بێت دەسبەرداربوون لە چەکی ناوکی بە تەواوەیی و کرانەوەی وڵات و دانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکە کە ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە تا ئێستا هیچ بڕیاڕێکی عاقڵانەی نەداوە کە ئەمەیان دووهەمیان بێت. تەنیا بڕیاڕێکی عاقڵانەی بە قازانجی ڕێژیم وەگەرخستنی هەموو چەرخەکان و هەوڵەکانن بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی.  لەم سەروبەندەدا ئەمە تەنیا زامنی مانەوەی ڕێژیمە و تەنیا ڕێگایەکیشە کە وڵاتانی زلهێز حیسابی زیاتر بۆ ڕێژیمی ئیسلامی بکەن.

ڕێژیم هاوکات لە هەوڵدایە کە کارتە گوشارەکانی زیاتر بکات. مووشکی دوورهاوێژ و هەڵگری کڵاوەی هەستەیی هەنگاوی جیددین کە ڕێژێم خەریکە خۆی بۆ ئامادە دەکات. دەرێژەدان بە دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەش لە سیاسەتی سەرەکیی ئەم ڕێژمە دەمێنێتەوە کە لەسەر مێزی وتووێژدا کارتی زیاتر بخاتە ڕوو.

٧- دەرەنجامی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی چی دەبێت؟

ئەگەر کاربەدەستانی ڕێکخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ناوکی بیسەلمێنن کە ئێران درێژە بە شکاندنی بەڵێنییەکانی لە چوارچێوەی بەرجام داوە، ئەوکات ئورووپا ناچارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئامریکا هەنگاو بۆ خستنی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران هەڵبگرن. ئەو هەنگاوانەی ڕێژیم هەڵیاندەگرێت گشتی لە ڕووی ناچارییە، گوشارە سیاسی و و ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیم ئەوەند زۆرن کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە دوایین هێڵیان داوە و دەبێ چاوەڕوان بکرێت کە ڕێژیم هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی بە چالاکییە ناوکییەکانی درێژە بە نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەدا دەدات، بە تایبەتی لەوانەیە جارێکی تر لە کارتی حیزبوڵڵا و حەماس بۆ سازکردنی شەڕ لە گەڵ ئیسرائیل و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. 

ڕێژیم دەیهەوێت بە جیهان پیشان بدات کە ئەگەر قەرار بێت ئێران بڕووخێت و بسووتێت، ئەوە دەبێ گشت ناوچەکە لەگەڵ خۆی بخاتە نێو ئاگر و شەڕەوە و دەیهەوێت ئەم پەیامە بگەیەنێت کە لەوەها دۆخێکدا دۆڕاوی سەرەکی جیا لە ڕێژیم، وڵاتانی ناوچە و زلهێزیش دەبن کە لە ناوچەکە بەرژەوەندییان هەیە.