کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریف فەلاح: نەتەوەی کورد بۆ نەگلان، دەبێ دەست بە هەیبەتی کێوی زمانەوە بگرێت

09:29 - 6 جۆزەردان 2720

سازدانی: بێهزاد قادری

ئەدەب یان ئەدەبیات بریتییە لەو وتانەی کە لە ئاستی وتەگەلێکی ئاسایی، سەرتر و بەرزترە و خەڵک ئەو وتەگەلە لەنێوان خۆیاندا هەڵدەگرن یان دەیگێڕنەوە و لە خوێندنەوە و بیستنیان، تووشی گۆڕان دەبن و هەست بە خەم، شادی یان چێژ دەکەن. لە باوەڕی گشتیدا، ئەدەبیاتی نەتەوەیەک، بۆ نموونە کۆمەڵێک دەقە کە بەرهەمی هەرمان و بەرجەستەی پێشینییانی ئەوە نەتەوەیە پێک دەهێنێت.

ژیانی هیچ نەتەوەیەک، جودا لە "ئەدەبیات" نییە. ئەدەبیات لە لای نەتەوەکان، وەکوو "چێشتی ڕۆح" ناوی لێ براوە و خەڵک بە درێژایی مێژوو لەگەڵیدا ژیاوە. داوێنی بەربڵاوی ئەدەبیات لە ئاستێکدایە کە هەر ئیتنیک و نەتەوەیەک، بە هەر فەرهەنگێک، دەگرێتەوە.

"زمان"، "فۆلکلۆر" و "ئەدەبیات" چ پەیوەندییەکیان بە پڕۆسەی نەتەوەسازییەوە هەیە و ئەم بابەتە لەنێو کورددا بۆچی گرینگە؛ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارانە، سەرنجتان بۆ ئەم وتووێژە ڕادەکێشین و لەگەڵ مامۆستا "شەریف فەلاح"، نووسەر و وەرگێڕ، دەڕۆینە نێو باسەکەوە:

١- "زمان" چ پەیوەندییەکی بە پرۆسەی "نەتەوە سازیـ"ـیەوە هەیە؟

کاتێک ئەیژین "زمان ڕۆحی نەتەوەیە"، ئیتر هیچ گومانێک لەوەدا نامێنێ کە ئەم ڕۆحە لە هەموو دەمارەکانی نەتەوە و لە توێتوێی جەستەی ئەو نەتەوەیەدا لە ئارادایە. هەر کە باسی نەتەوە دێتە گۆڕێ، بێگومان دەوری زمان وەک شادەمارەکانی لە گۆڕێدایە. نەتەوەی بێ‌زمان، وەک مردوو و بێڕۆح و هەست وایە. ئەوە زمانە پێناسەی بوون بە باڵای نەتەوەدا دەکات. ئەگەر هەر نەتەوەیەک بۆ خۆی خاوەندارێتیی دەسەڵاتی خۆی بکات و خاوەن دەوڵەت و کیانی سەربەخۆ بێت، ئیتر ئەوە لە ڕەوتێکی ئاسایی و خۆڕسکانە زمان دەبێتە کۆڵەکە و ئەستووندەکەی و قورس و قایم ڕای دەگرێت و هیچ گژەبایەک نایلەرزێنێ. لەبەر ئەوەی هیچ شتێک لە دەرەوەی زمان، لە ئارادا نییە، کەوایە سەرلەبەری بیچمگرتنی ڕۆح و هەست و ئایدیای مرۆڤ لە زمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر هەر تاکێک هەر لەناو لانکە و پێڕەوکە و قۆناغەکانی گەشەکردنیدا بە زمانی زگماکیی خۆی فرچک بگرێ و باڵا بکات و لە قۆناغی پەروەردە و بارهێنانی دەرەوەی بازنەی بنەماڵە (دایەنگە و قوتابخانە) بە شێوەی زانستی سەردەمیانە و بە زمانی دایکیی بخوێنێت، ئەو تاکە دەبێتە تاکێکی خاوەن شعوور و فامکردی نەتەوەیی. ئەمە تەنیا چیرۆکی تاکێکی کۆمەڵگەیە و گەر هەموو تاکەکان بەم چەشنە بار بێن و لەمپەر و ئاستەنگ لەبەردەم گەشەیاندا نەبێت، هەموان پێکەوە دەبنە ڕەوڕەوە و زنجیرەیەکی نەپساوەی ناسنامەی نەتەوەیی کە لە دەروازە و ڕەهەندی زمانەوە گەشەیان کردووە. بەڵام ئەگەر نەتەوە ئیرادە و خاکی داگیر بکرێت، زمانی لەخشتە و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵی تواندنەوەی لە گۆڕێدا بێ، ئەوکاتە ئیدی دۆخەکە جیاوازە و خەبات و بەربەرەکانێی "من" و "ئەویدی" دەست پێ دەکات. لەم دۆخەدا دەبێ لە دوو جەمسەری "مەودا – جیاوازی" کە لە گەوهەری زماندا هەن، نەتەوە خەبات بکات و بۆ سەلماندنی بوونی خۆی و بۆ نەگلان، دەست بە هەیبەتی کێوی زمانەوە بگرێت. وەک دۆخی ئێستای کورد کە زمان وەک شادەمار و ئەستووندەکێک خێوەتی نەتەوەی لە هەواری شپرز و وەیلاندا پاراستووە. زمان بۆ کورد وەک کەشتیی نەجاتە لەناو دەریای پڕ شەپۆلاندا کە دەیان دوژمن مرخیان لێ خۆش کردووە، تاکوو نوقمی بکەن.  

٢- ئایا هێشتا زمانی "کوردی" هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە؟

بەڵێ من لام وایە بە دوو شێواز هێشتا زمانی کوردی مەترسیی لەخشتەبردن و لەناوچوونی لەسەرە. چونکە هەرکە دەستەواژەکانی "سڕینەوە، لەخشتەبردن و تواندنەوە" دێتە گۆڕێ، مرۆڤ خەیاڵی بۆ لای پیلانی دوژمن دەچێت. بەڕای من ئەگەر بمەوێ لەڕووی باشییەوە پلەبەندییەک بۆ دۆخی ئێستای زمانی کوردی بکەم، پێم وایە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پلەی یەکەمە و باشوور پلەی دووەم و پاشان باکوور و لە دواییشدا ڕۆژئاوا دێت. شێوازی یەکەم لە باکوور و ڕۆژئاوا ترسی سڕینەوەی سەرلەبەری ناسنامەی نەتەوەییەمان لە گۆڕێدایە. هەموو باکوور خاکەکەی داگیر کراوە و ساڵانێکە لەوێ ڕەنگی زمان و فەرهەنگی کوردی سڕاوەتەوە و مەترسییەکە گەلێک قووڵە. چونکە تەنانەت ئاخاوتنی ڕۆژانەی ناو ماڵباتەکان، ناو کۆمەڵ و لە گشت گرنگتر پەروەردە و بارهێنان هەمووی تورکییە و ئەگەر ئەو ڕەوشە بەو جۆرە بەردەوام بێ، ژینۆسایدێکی ئارام و لەسەرەخۆ و بیدەنگ بەڕێوە دەچێت. ڕۆژئاوا هەرچەند بەشێکی ڕزگار کراوە، بەڵام ئاسۆی زمان لەوێش لێڵە، چونکە چارەنووسی نادیارە و ڕێڕەوی خەبات و ناسنامەی کوردبوون لەبارتی نەتەوەیی و کوردستانی بێت، بەدەست ئایدیۆلۆژیایەکی حیزبیی زێدەخواز و پاوانخوازەوەیە کە لەباتی گەڕانەوە بۆ گەوهەری نەتەوەیی ناسنامە، هەر خەریکی شەڕی ئادیۆلۆژیای حیزبی و سڕینەوەی بەرانبەرە.

لە باشووری نیشتمان هەرچەند ٢٨ ساڵە لە بواری زمان و چاپەمەنییەوە گەلێک هەنگاوی هیوابەخش هەڵگیراوە، بە جۆرێک لە هیچ قۆناغێکی مێژوویی کورددا ئەوەندەی ئەم ماوەیە لە هیچ پارچەیەکی نیشتمان خزمەت بە ڕەوشی چاپ و وەشان و وێژەی کوردی نەکراوە. بەڵام لێرەش بەدەستی خۆ و بێ پلانی و نەبوونی ئەندێشە و پلانێکی ستراتیژیی زمانی و بە حیزبیکردنی زمان و پەروەردە. زمان لە دۆخێکی شپرز و هەڵدێر دایە. ستراکتۆری ڕێنووس و ڕێزمان و ئاخاوتەی کوردی لەژێر کاریگەریی هەندێ میدیای بێ پلان و کۆمەڵێک میدیاکار و ڕۆژنامەنووسی کوردینەزان کە خۆیان بە جەمسەری زمان دادەنێن، تێک چووە و لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لای داوە. من لام وایە ئەم شێوازەیان لە شێوازی یەکەم مەترسیدارەترە، چونکە خەریکە بەرەبەرە ئەو شێواندنی زمانە لەڕێگەی میدیا و کۆمەڵگە و ڕەوتی چەواشەی وەرگێڕانەوە ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێ بە جیدی ئاوڕی لێ بدرێتەوە. دۆخی زمان لە ئاستی پەروەردەدا لە میدیا خراپترە، چونکە شەپۆلی بە بازرگانیکردنی پەروەردە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە کۆمەڵگەدا بنجی داکوتاوە. شەپۆلی بە کولتوورکردنی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و پەراوێزخرانی زمانی کوردی و لەسەرتردانانی زمانەکانی دیکە، زەنگێکی مەترسیدارە و نەوەکان خەریکن لە فەرهەنگ و زمانی خۆیان نامۆ دەبن. لەڕووی ناشارەزایی قوتابیانی کورد لە باشوور بە زمانی خۆیان، مرۆڤ هەندێجار هەست ناکات لە کۆمەڵگەی کوردیدایە. کە ئەمە جێگەی داخە و دەبێ خەمخۆرانی زمان بیرێک لە چارەسەریی بنەڕەتیی بکەنەوە. بۆیە دەڵێم پرسی زمان لە ڕۆژهەڵات لە پێشەوەیە و جێگەی هیوایە، چونکە دوو نەوەی وشیار و نەتەوەیی لەوێ بوونەتە کۆڵەکەی پارێزەری زمان. هەرچەند پیلان و سیاسەتی سڕینەوەی نەتەوەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک خۆی هەر ماوە و بەردەوامە. تەنیا شێواز و فۆرمەکەی گۆڕاوە. نوخبە و بژاردەیەک کە لە نووسەر و توێژەر و هونەرمەند و شاعیران پێکهاتوون، هەرچەند بێدەسەڵات و بێ ئیمکانات و بێ میدیا و پشتیوانن، وەلێ پێشمەرگە ئاسا و زانستییانە زمانیان پاراستووە. هەرچەند پرسی زمان و شێوەزارەکان و زاراوەگەرایی و ناوچەگەرایی زمانی کە پیلانێکی دوژمنە، لە ڕۆژهەڵات جێگەی ڕەخنەیە و لەباتی بکرێتە دەرفەت، مخابن لە هەندێ ناوچە بووەتە خەسار و لەمپەر. لە ڕۆژهەڵات گەوهەری و بە قووڵی و وەک ڕۆحی نەتەوە لە پرسی زمان دەڕوانرێت. نەوەی نوێ و خوێندکار و هەتا ڕادەیەک چینی ناوەڕاست خەریکە بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی وشیار هەنگاو دەنێت کە پرسی زمان و ناسنامە لای زۆر گرنگە. کاتێک زمانی دایک و زگماک لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگە و ببێتە خەمی تاک، ئەوکاتە مەترسی کەم دەبێتەوە و پیلانەکانی دوژمن دەبنە بڵقی سەرئاو. ئەم پرسە لە ڕۆژهەڵات خەریکە ڕۆ دەچێتە ناخی کۆمەڵگە و بنجی داکوتاوە. کاتێک پرسی پاراستنی زمان و ناسنامە و وێژە لە ئیلام و کرماشان، ببێتە ئامانج، ئیتر مرۆڤی کورد هیوادارە کە چرای ماڵی زمانی کوردی ڕۆشنە و هیچ شەوەزەنگێک پێی ناوێرێ.     

٣- "فۆلکلۆر" چ ڕۆڵێکی لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا هەیە؟

فۆلکلۆر و بەگشتی ئەدەبی زارەکی پاژێکی ئێجگار گرنگ و بنەچە و هەوێنی ئەندێشە و ئایدیای هاوبەشی هەر نەتەوەیەکە کە پاراستنی ئەم گەنجینە و سامانە گەلەرییە، دەبێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ هەرمانی نەتەوە. نەتەوەی کوردیش لەمبارەوە، خاوەن پاشخان و خەرمانێکی بەپێز و دەوڵەمەندە و هەرکام لە لق و بەشە جیاکانی ئەدەبی زارەکیی کورد بۆ خۆیان تژین لە ئەندێشە و تێڕوانینی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئۆلیی نەتەوەکەمان. من لەو باوەڕەدام یەک لەو بوارانەی کە کورد دەبێ زۆر بە جیدی و بنەڕەتی و بە پلان و باببەتیانە ئاوڕی لێ بداتەوە و توێژینەوەی هەمەلایەنی لەسەر بکات، فۆلکلۆرە، چونکە سەرلەبەری مێژووی کۆن و هاوچەرخی ڕامیاریمان یان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان، یان لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە نووسراوە، داگیرکەران ئامانجدار و پیلانگێڕانە بۆ تواندنەوەمان شێواندوویانە و بەلاڕێیاندا بردووە، یان دەستیان بەسەردا گرتووە و بەناوی خۆیانەوە تۆماریان کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژهەڵاتناسە مێژوونووسەکانیش لەپێناو بەرژەوەندیی وڵاتی خۆیان، یان هەندێجاریش لەپێناو پاراستنی پێوەندیی سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتی خۆیان دەستکاریی مێژوومانیان کردووە. هەرچەند مینۆرسکی و چەند توێژەرێکی دیکەی ئەورووپی کە لە فۆلکلۆری کوردیان کۆڵیوەتەوە، بە ئەمانەتەوە کاریان کردووە. کەواتە تاقە بوار و پاژێکی کورد کە دوژمنی داگیرکەر دەستکاریی نەکردووە و وەک خۆی ماوەتە و لەڕاستیدا ئاوێنەی باڵانوێنی گەوهەری نەتەوەیە، هەمان فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکییە، چونکە خەون و خەیاڵ و سەرلەبەری جیهانبینیی مرۆڤی کوردی تێدایە. بۆیە گەر بێت و لە سۆنگەی ئەم گەنجینە سەربەمۆرەوە و لە ناخ و کاکڵەی ئەم پاشخانە هەرمان و زیندووەی فۆلکلۆرەوە بۆ پرۆسەی نەتەوەسازی بڕوانین، بێگومان بنیاتی قۆناغێکی گرنگ دادەنێین. وەلێ ئەم ئامانجە نایەتە بەرهەم، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و مێتۆدیک و هەمەلایەن توێژینەوەی کۆمەڵناسانە، دەروونناسانە و فەرهەنگی لە لقە جۆربەجۆرەکانی فۆلکلۆر نەکەین. تەنیا پاراستن و ڕزگارکردنیان لە فەوتان بەس نییە، بەڵکوو بە شەنوکەو و شرۆڤەکردنیان دەبینە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو گەنجە سەربەمۆرە. ئەگەر بە چاوێکی ئەمڕۆیی و لە دووتوێی دەقی هاوچەرخ (ڕۆمان، چیرۆک و سینەما و شانۆ و شیوەکاری و...)دا ئاوڕ لە فۆلکلۆر بدەینەوە و دیسان دایان بڕێژینەوە، ئەوکات دەتوانین بێژین، هەنگاوێکی ئەرێنی و باشمان بۆ پێناسەی گەوهەری خۆمان بەدەستی هەڵگرتووە. لە زۆرێک لە وڵاتان، فۆلکلۆر و ئەدەبی گەلەری وەک لقێک لە خوێندنگە و زانکۆکان دەخوێندرێ. هەرکام لە بەیتە ئەڤینداری، حیماسی، مێژوویی و تراژیکەکانی کورد سەرچاوەی چەندین سووژەی سینەمایی و شانۆیین کە سینەماکارانی کورد دەتوانین بە ئەندێشەی ئەمڕۆییەوە کاریان لەسەر بکەن و ئەگەر دڵسۆزی ڕاستەقینە هەبێت، دەتوانن ببنە هەوێنی فیلمەکانی هالیوود. یان لە ڕەهەندی مۆسیقییەوە کارکردن لەسەر بەیتەکان و داڕشتنەوەیان لە چوارچێوەی ئۆپێرا، دەبنە مۆڵکی هاوچەرخ بۆ نەتەوەکەمان. هەرکام لە لقەکانی فۆلکلۆر، یان بەیت و باو و مۆسیقای ڕەسەن، هەڵگری دەیان سووژەی توێژەوەی زانستین لە بواری جیاجیادا، هەرچەند لەمبارانەوە کار کراوە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نین و بە ئەرشیڤکردن و ڕێکخستن و پۆلێنکردنیان ئەرکی دەوڵەت و دامەزراوەی فەرهەنگی و نیشتمانییە.

٤- "ئەدەبیات" لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

بێگومان هەیەتی، من لەو باوەڕەدام مرۆڤایەتی، بێ ئەدەب و خەیاڵ و داهێنان و بەتایبەتی گیڕانەوە، داماڵراوە لە مانا. زۆر نەتەوە و وڵات لەسەر گۆی ئەم زەوییە هەن، کە وەک وڵات و ڕۆڵگێڕان لە پانتایی جیهانی سیاست و ئابووریدا هیچ پێگە و سەنگێکیان نییە، وەلێ بەهۆی ئەدەب و زمانەوە لە لووتکەدان. کەواتە ئەمە خۆی یەک لەو نیشانانەیە کە ئەدەب لە پرۆسە و ڕەوتی نەتەوەسازیدا دەوری گرنگ دەگیڕێت. کورد وەک نەتەوەی بێ دەوڵەت و کیان، ئەگەر بەڕاستی زمان و ئەدەب و فۆلکلۆر و پاشاخانی دەوڵەمەند و هەراوی ئەدەبی زارەکی نەبایە، ئێستا شوێنەواری لێ نەمابوو. وەلێ ئێمەی کورد سەربازی بێ کیانی، خاوەن ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندی کلاسیکین، بەتایبەت شێعر. چەندین نەتەوەی خاوەن دەوڵەت لەم جیهانە هەن یەک لەسەر سێی کورد شاعیر و شێعری کلاسیکی بەپێزیان نییە. بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی برەو بە ئەدەب دەدات و دەبێتە هۆی ناساندنی هەمان دەوڵەت و کیانی سیاسییە کە مخابن کورد لێی بێبەشە. نووسەر، توێژەر و ڕۆماننووسانی کورد نابێ دابنیشین و چاوەڕێی کاتی دروستبوونی ئەو کیانە سیاسییە بکەن، چونکە دەستەبەربوونی ئەو خەونە لەمێژینە، تەنیا پێوەندیی بە ویستی خۆمانەوە نییە. نووسەری کورد دەبێ لەڕێگەی وەرگێڕانی ئەم ئەدەبەی خۆیەوە بۆ سەر زمانە جیهانییەکان، هەوڵی ئەوە بدات بگاتە ئاستی ئەدەبی جیهان و بناغە و بنیاتی "ئەدەبیاتی کوردی" لە ڕیزی ئەدەبی "ئاڵمانی، فەڕەنسی، ئەمریکی و ڕووسی" دابنێت. لام وایە دەکرێ لە دەروازەی ڕۆمانەوە بگەینە ئەم خەونە، هەرچەند تەمەن و ژمارەی ئەدەبی گێڕانەوەمان کەمە، بەڵام ئەوەی هەیە پتەوە و قورس و قایمە و لە سۆنگەی ناسنامەی نەتەوەییشدا دەخولێتەوە. کورد هەتا ئێستا هەر زمان و ئەدەب و پێشمەرگە و شاخ پاراستوویانە. هەرچەند لە هەیبەتی پێشمەرگە و شاخ کەم نەبۆتەوە، بەڵام دەرفەتەکان ڕەویونەتەوە، ئەگەر بە نووسین و داهێنانی قورس و قایم لە بواری ڕۆمان و سینەما، بەرپرسیارانە و داهێنەرانە هەنگاو هەڵبگرێت، هاوکات دەست بە هەیبەتی شاخی زمانەوە بگرێت، هەم پاراستنی وەک نەتەوە مسۆگەرە و هەمیش دەتوانێ خۆ بخزێنێتە ناو دنیای ئەدەبی جیهانییەوە و جێپێی خۆی قایم بکات بۆ داهاتوو.