کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەڵدا لە ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

16:54 - 3 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتە ناوچەی نۆرنبێرگ لە وڵاتی ئاڵمان، بەبۆنەی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی هاوڕێی هەتاو، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوە برد. ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بەفرانبار، بەبۆنەی شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری ئاشتیخواز "شەهید د. قاسملوو" لە لایەن کۆمیتە ناوچەی نورنبێرگی ئاڵمانەوە لە شاری نورنبێرگ ڕێورەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت گیانی پاکی ڕێبەری ناوداری کورد" شەهید د. قاسملوو" دەستی پێکرد.

بەرێوەبەرانی رێوڕەسمەکە لە بڕگەی دواییدا، بەبۆنەی گیانلەدەستدانی "ئازاد و فەرهاد خوسرەوی" دوو برای کۆڵبەری خەڵکی گوندی "نێ"، هاوخەمی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە و خەڵکی "نێ" دەربڕی.

دواتر پەیامی کۆمیتە ناوچەی نۆرنبێرگ لە لایەن "حەسەن ڕەزایی" بەرپرسی ئەم کومیتەیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای خوێندنەوەی ژیاننامەی "دوکتور قاسملوو"، باسێک لە مێژووی شەوچلە کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە، بە سروود و گۆڕانیی شۆڕشگێڕانە کۆتایی پێهات.