کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئۆکراینا سەرەتای شەڕێکی گەورەترە لە جیهاندا

23:50 - 16 خاکەلێوه 2722

جاقل

کۆتاییهاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی هیچکات بە مانای کۆتاییهاتنی شەڕ لە جیهاندا نەبووە. کێبڕکێ و ململانێ لە نێوان وڵاتانی جیاوازدا بەردەوام هەر درێژەی هەبووە و هەیە. وڵاتانی شکستخواردوی گۆڕەپانی شەڕەکانی دووهەمی جیهانی و شەڕی سارد هیچکات شکستیان وەک ئەوە کە میدیاکانی وڵاتانی بەرەی سەرمایەداری و لیبراڵ باسی لێوە دەکەن قبوڵ نەکرد و بەردەوام هەوڵی ڕێکخستنەوەی سیاسی و نیزامی و ئابووری خۆیان داوە. ئورووپا بە ڕواڵەت ماوەی چەندین ساڵە ژیانێکی تەژی لە خۆشی و پێکەوەژیان تێپەڕ دەکات. ئەو سەقامگیرییە سیاسییە بەرهەمی بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو وڵاتانە بوو کە پێیان وابوو لە قەوارەی گەورەی ئورووپاییدا زیاتر دەتوانن پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکەن. هاتنەدەرەوەی بریتانیا لەم قەوارەیە و هەوڵە تاکلایەنەکانی فەڕانسا بۆ زاڵکردنی هێژمۆنی خۆی لە ئافریقا و ئاسیادا و ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا، نیشانەکانی دەرکەوتنی جیاوازیگەلێک بوو کە دەیتوانی کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە سەر ئاشتی لە جیهاندا بەگشتی هەبێت. کاڵای چینی و شێوەی بەرهەمهێنان لەو وڵاتە، بازرگانی جیهانی بە قازانجی خۆی گۆڕی. ئامریکا لە بەرانبەر ئەم پرسەدا هەتا ئێستا بە شەڕێکی ڕانەگەیێندراوەوە سەرقاڵە، ئەگەرچی هیچ سەرکەوتنێکیشی لەم بوارەدا بە دەست نەهێناوە. پرسی ئازادی و پەرەدان بە دێموکراسی لە جیهاندا و دژایەتی وڵاتانی دیکتاتۆر کە وەک پرسێکی سەرەکی لە ئامریکادا لە پاش هێرشەکانی یازدەی سێپتامبر بڕیار بوو تەنیا بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ناڕەوای سەدام لە عێراقەوە گرێ نەدرێ بەداخەوە تووشی نسکۆ بووە و هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە ئەفغانستان و کەمکردنەوەی ڕێژەی هێزەکانی لە عێراقدا دەتوانێ نیشانەی بە هەڵپەسێردراوی ماننەوەی ئەم پرسە گرینگە بێت کە ئەمریکا خۆی بە ئاڵاهەڵگری دەناساند. پەرەگرتنی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکەڵبوونی ئەم بابەتە بە تونداژۆیی و تیرۆر کە لەلایەن ئێرانەوە بەردەوام پاڵپشتی کراوە یەکێک لە مەترسییە گەورەکانە بۆ سەر تەناهی نێودەوڵەتی. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا ئەلقاعیدە وەک تەنیا گرووپی تیرۆریستی پێناسە دەکرا و لە شەڕی ئەفغانستان و عێراقدا هەوڵ بۆ لەناوبردنی دەدرا، ئێستا بیرۆکەی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان خاوەن دەسەڵاتە و ئێران چەندین گرووپی هاوشێوەی ئەلقاعیدەی لە ناوچەکەدا دروست کردووە کە هەر کامەیان دەتوانن مەترسی جیددی بن بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی جیهان.

وڵاتی ئیسڕائیل لە دە ساڵ لەوە پێشەوە زۆرتر بە شێوەی تاکلایەنانە هەوڵی پاراستنی وڵاتەکەی خۆی دەدات و تاڕادەیەکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی بێهیوا بووە. پەیمانی ئیبراهیم و کۆبوونەوەی شەرمولشەیخ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاشکراترینی ئەو ئاڵوگۆڕانەن کە کاربەدەستانی وڵاتی ئیسڕائیل بە درک پێکردن بە مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەیان، لە تاکتیک و ستراتژی سیاسی خۆیاندا پێکیان هێناوە.

 بێدەسەڵاتکردن یان کەمدەسەڵاتکردنی هەندێ وڵات لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانی وەک تاوانباری ئەو شەڕە، مەترسی هەڵگیرساندنەوەی دووبارەی شەڕی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە کەم کردەوە بەڵام ئەو کارە گارانتییەک نەبوو کە شەڕ لە فۆڕم و ناوچەیەکی جیاوازدا دیسان دەست پێنەکاتەوە .

درێژەکێشانی شەڕ لە سوریا و ماننەوەی بەشار ئەسەد لە سەر کورسی دەسەڵاتی دیمەشق و بەردەوامیی شەڕ لە ناوچەکەدا بێ پاڵپشتی ڕوسیا ئیمکانی نەبوو. ڕوسیا یەکێک لە زلهێزەکانی جیهانە کە بەشێوەی ئاشکرا و کردەیی نەزمی جیهانی بردە ژێر پرسیارەوە و دەیهەوێت ئەو نەزمە بە قازانجی خۆی دابڕێژێتەوە. ماننەوەی زیلێنسکی لە ئۆکرایندا هاوکێشەکانی شەڕی لە جوغڕافیای ئۆکراینادا تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕی بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ناوبراو بتوانێ پرسی شەڕ لە جیهاندا و داڕشتنەوەی نەزمێکی نوێ بۆ تەعامول و پێکەوەژیانی نێودەوڵەتی دیاری بکات بەڵکوو ئەمە پرسێکی گەورەترە و پێویستی بە هاوڕابوونی وڵاتانی زیاتر لە سەر خاڵە هاوبەشەکان هەیە.

ئەگەرچی زۆربەی شرۆڤەکاران پێیان وایە هزری ناسیۆنالیستی ڕوس یان عەقڵییەتی بۆلشویکی پاڵپشتی ئەو هێرشەن کە ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا کردی بەڵام نابێ سێبەری ئایینی ڕاستگەرایانەی ئۆرتۆدۆکسیش لە زەینی ڕوسەکاندا لە پێش چاو نەگیردرێ. هەروا کە دەستەوەستانی و نەرمونیانی مەسیحییەتی ئامریکایی و ئورووپایی، وڵاتی ئیسڕائیل و بیری یەهودیەتی لە بیری خاو و پڕ چاوپۆشی مەسیحییەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی بە دژی سەرەڕۆیی و تیرۆریزمی ئێرانی بێهیوا کرد و ناچاری کرد ڕێکارێکی تازەتر لە دە ساڵ لەوە پێشەوە بگرێتە بەر.

سێبەری زاڵ و ئوستوورەیی دڵسۆزانەی دینی مەسیحییەت تێکەڵ بە قازانجپەرەستی سەرمایەدارانە، بەداخەوە بێکردەوەیی و ناکارامەیی لێکەوتووەتەوە کە هەموو مرۆڤێک بە ئاشکرا دەیبینێ و ئەم ناکارامەییە تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی گرتووەتەوە کە هیچ کردەوەیێکیان بۆ پێشگرتن لە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بێجگە لە قسە و ڕاگەیێندراو نییە. بەهۆی ئەو کەتوارانەوە کە باسی لێوە کرا، شەڕی ئۆکراینا شەڕێک نییە کە بە ئاسانی و لە کورتماوەدا کۆتایی پێبێت یان ئەگەر کۆتاییشی پێبێت بەدڵنیاییەوە لە فۆڕم و شوێنی دیکەدا سەر هەڵدەداتەوە.

ئەو وڵاتانە کە هیچ ڕاشکاوییەکیان لە هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە ئەم شەڕە تێدا بەدی ناکرێ کەم نین و مانگەکانی داهاتوو زیاتر سنووربەندییەکانمان بۆ دەردەخەن. ئێران وڵاتێکە کە کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە دەیگرێتەوە هەر بۆیە دەبێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بۆ پێشهاتە نادیارەکانی داهاتوو ئامادە بکات .

لە کۆتایی ئەم کەتوارەدا دەبێ بڵێین ئەگەرچی پوتین براوەی ئەم گۆڕەپانە نابێت بەڵام ئەو شەڕە کە ئەو بە شێوەی کردەیی و مەیدانی سازی کرد دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکان لە جیهاندا و ئاڵوگۆڕ لە جوغڕافیای وڵاتانی جیهاندا. لە داهاتوودا ئەو شەڕە و لێکەوتەکانی ئەو هێرشە ڕێژەی دەسەڵات و زلهێزی وڵاتانی ئورووپایی دەگۆڕێ. ئەم شەڕە دەبێتە دەرفەتێک هەتا وڵاتانێک وەک ژاپۆن، ئاڵمان و فەڕانسا زیاتر لە جاران بەهێز بن. هەروا کە بۆشایی هێزیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێ ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی بێنێت .