کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕە دندووکەی نێو باندەکانی دەسەڵات زیاتر دەبن

21:11 - 14 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە عەلی خامنەیی و حەسەن ڕووحانی بە دەستەوەستانیی لە خەڵک دەپاڕێنەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمەدا بکەن، سەرۆک و ئەندامانی باندەکانی دەسەڵات، سەرقاڵی شەڕە دندووکەی خۆیانن.

لە درێژەی شەڕە زێڕینگەرانەکاندا، هەواڵدەریی بەسیج ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە: ئەمجارەیان محەممەد ڕەزا تویسەرکانی، بەرپرسی نوێنەرایەتیی خامنەیی لە رێکخراوی بەسیجدا، هێرشی کردۆتە سەر باندی ڕەفسەنجانی و یادگارەکەی خومەینی و دەڵێ؛ وریا بن چارەنووستان وەک مۆنتەزێری لێ نەیەت.

ئەم قسانە دوابەدوای پەلامارەکانی ڕەفسەنجانی بۆ سەر شوورای نیگەهبان و ڕەدی شیاویی حەسەن خومەینی هاتۆتە ئاراوە کە ناڕەزایەتیی زۆری بە ناو ڕێفۆرمیستەکانی لێ‏کەوتەوە.
هاوکات عەبدوڵڵا حاجی سادقی، جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپای پاسداران، قسەکانی ڕەفسەنجانی بە دەم‏بەهاواری ناوزەد کردووە و دەڵێ قسەکانی ڕەفسەنجانی کاوێژکردنەوەی قسەکانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامییە.

لە لایەکی دیکەشەوە جەعفەر شەجونی، ئەندامی جامعە روحانیت مبارز وێڕای داکۆکی کردن لە بڕیارەکانی شورای نیگەهبان لە پێوەندی لەگەڵ ڕەدی شیاویی حەسەن خومەینی، وتوویەتی شوورای نیگەهبان لە ئاویش پاکترە و ڕوو لە حەسەن خومەینی وتوویەتی؛ وریابە ڕەفسەنجانی بەتەمایە تۆش وەک خۆی بکێشێنێتە نێو زەلکاوەوە.

هاوکات ڕۆژنامەی اعتماد لە ژمارە ٣٤٥٧ی خۆیدا، ڕاپۆرتێکی لە سەر قسەکانی ئیسحاق جەهانگیری بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ناوبراو، ڕوو لە ڕەخنەگرانی دەوڵەتی ڕوحانی دەڵێ؛ هەندێک کەس بەتەمان خەڵک بە ناڕاحەتی ببینن و لە خۆشییەکانی خەڵک دڵگران دەبن.

لە بەرەبەری نیزیک بوونەوە لە بەناو هەڵبژاردنەکانی هەر دوو مەجلیسی خوبرەگان و شوورای ئیسلام،ی هەڵبەزودابەزی نێوان باندەکانی دەسەڵات زیادیان کردووە و ئەمەش دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی کەسانێکی وەک خامنەیی و ڕووحانی لێ‏کەوتۆتەوە.