کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستانی سعوودی: لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێراندا بێدەنگ نابین

16:09 - 12 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێراندا بێدەنگ نابین و بەتوندی بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە دەبینەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند، وڵاتی عەرەبستان لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی ئێراندا بێ‌دەنگی ناگرێتە بەر و هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە تیرۆریسم، بەردەوام ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی لێ‏کەوتووەتەوە.

عادل ئەلجۆبەیر، وەزیری دەروەی عەرەبستانی سعوودی، لەبارەی کێشەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی، هۆشداریی جیددی دا و گوتی: ئێمە لە هەوڵە تێکدارانە و ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانییەکانی لە تیرۆریزم نیگەرانین و ئەو ڕێژیمە نابێت کارێکی وا بکات کە بەزیانی وڵاتانی ناوچەکە بێت.

ئەلجۆبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، ڕێژیمی ئێرانی بە داگیرکەر لەقەڵەم دا و داوای لە ڕێژیمی تاران کرد کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن و لوبنان بێنێت.

ناوبراو، ڕێژیمی ئێرانی لەهەمبەر سووریە بە وڵاتێکی داگیرکەر وەسف کرد و داوای لە ڕیبەرانی ڕێژیمی تاران کرد کە هێزەکانی خۆیان و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە بکێشنەوە و هەناردەکردنی چەک و چۆڵیش بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕابگرن.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.