کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاشیزم لە بەرگی چەپدا

19:56 - 1 بانەمەڕ 2719

کەریم پەرویزی

بیر و هزری چەپ لە بنەمای خۆیدا بریتی بووە لە رەخنەگری و وەدوای دادپەروەی کەوتن، بۆیەش بەردەوام بیری یەکسانیی مرۆڤ و یەکسانیی نەتەوەکان لە دڵەخورپەکانی چەپێکی راستەقینە بووە. بەڵام لە هەمانکاتدا رەوتی بەلاڕێداچوو هەبووە کە بەڕواڵەت چەپنوێن بووە، بەڵام گەر لە قووڵایی بیرکردنەوە و دەربڕینەکانی ورد دەبیتەوە، فاشیزمێکە کە لە بەرگی چەپدا خۆی حەشار داوە.

لە سەرەتای دەست بە سەردەسەڵاتدا گرتن لە لایەن رێژیمی خومەینییەوە، هەندێک رێکخراوی چەپ هەبوون کە سەرانی ئەو رێکخراوانە لە ژێر ناوی ئینقلابیگەریدا، پاڵپشتییان لە تاوانکاری و ستەمکارییەکانی رێژیمی ویلایەتی فەقیهی کرد و رێگای سەرکوتی گەلان و بەتایبەت گەلی کوردیان بۆ جەللادەکانی جەماران خۆش دەکرد.

دوای چوار دەیە لەو مێژووە تاڵە، هەندێک لە پاشماوەکانی ئەو بیرۆکە بەرواڵەت چەپ و لە نێوەڕۆکدا فاشیستییە، ئێستاش بە ناوی جۆربەجۆرەوە، هەر پاساو بۆ درێژەکێشانی تەمەنی رێژیمی تاوانباری ویلایەتی فەقیهی دەهێننەوە.

پاشماوەی رێکخراوی فیداییان رەوتی بەناو ئەکسەریەت، کە چل ساڵ پێش وەپێش پاسداران دەکەوتن بۆ سەرکوتی خەڵک، ئێستاش لە سەر بنەمای کۆنەڕقیان لە کوردستان و حیزبی دێموکرات، راگەیەندراو دەردەکەن و خەمباری و پەژارەی خۆیان لە هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات دەردەبڕن. ئەوان لەوە داخدارن کە حیزبی دێموکرات سوپای پاسدارانی پێ تیرۆریستە!

ئەم کەسانە کە لەم ماوەی دواییدا، ناوی ریكخراوەکەیان گۆڕی بۆ حیزبی چەپی ئێران (فیداییان خەڵق)، وادیارە کە هێشتاش لەم جیهاندا تەنیا دوو دوژمن دەناسن، ئامریکا و حیزبی دێموکرات و لە کاتێکدا کە سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆریستییەوە، ئەوان بیر لە ئازارەکانی خەڵک کە بەدەست سوپای پاسدارانەوە کێشاویانن ناکەنەوە بەڵکوو تەنیا بەدوای بیانوویەک دەگەڕن بۆ هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

لە راگەیەندراوی پڕ لە شەرمیان کە رۆژی ٢٣ی خاکەلێوە دەریان کردووە، داخدارییان بەنیسبەت هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەردەبڕن و بە دوور و درێژی دەیانهەوێ ئەم ڕقە مێژووییەیان و پاشخانی فاشیستیان لە پێناو دڵداریی یەکلایەنە بەنیسبەت سوپای پاسدارانەوە لەژێر ناوی دیکەدا بشارنەوە.

لە راگەیەندراوی حیزبی بەناو چەپی ئێراندا، هەوڵ دراوە کە دڵدارییان بۆ فاشیزمی سوپای پاسداران بشارنەوەو هەموو تاوانەکان بخەنە ئەستۆی ئامریکا کە شەڕفرۆشە و کێشە بۆ ئێران دەنێتەوە و پاساوی بێنێوەڕۆک بۆ هەڵوێستیان بهێننەوە، بەڵام لە هەندێک شوێندا بیرۆکەی فاشیستییان دەردەخەن. لە بەشێک لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێن کە خوازیاری گەڕانەوەی سوپای پاسداران بۆ نێو پادگانەکان و هەڵوەشاندنەوەی سوپای قودسن! لە راستیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پاسداران و دادگاییکردنی سەرانی سوپا و رووخانی ئەم رێژیمە ناکەن، وادیارە تەنیا کێشەیان لەگەڵ سوپای قودس هەیە!

لە کۆتاییشدا بەوپەڕی بێشەرمییەوە، بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران مەحکووم دەکەن، کە ئەمە بەرگێکی رەشی دیکەی مێژووییە کە لە کارنامەی ئەم بیرۆکە بەرواڵەت چەپ بەڵام لەراستیدا فاشیستییە، دەمێنێتەوە.

هەوڵدان بۆ درێژەکێشانی تەمەنی رێژیم، بەشداربوونە لە هەموو تاوانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا.