کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشی مڵک بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریە ناڕزایەتییەکی زۆری لەنێو خەڵکی ئەو وڵاتە دروست کردووە

11:23 - 27 رەشەمه 2720

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، لە حاڵێکدا هەموو ناوچەکانی سووریە لەگەڵ دۆخێکی نالەبار، نەبوونی دەرفەتی کاروکاسبی و گرانیی لەڕادەبەدەر بەرەوڕووە، کڕینی مڵک و خانووبەرە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران پەرەی گرتووە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە زاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لە ''حەلەب'' باسی لەوە کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەشێکی گرینگ لە مڵک و خانووەکانی ئەو شارەیان کڕیوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دانیشتووانی ئەو شارە ئاوارە یان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی سووریەوە بە دیل گیراون.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە جەختی کردەوە کە فرۆشی ئەو مڵکانە بە میلیشیاکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێت.

هەروەها لە شاری ''حومس'' وەکوو دەمیشق یان ناوچەکانی دیکەی سووریە، هێندێک لە خەڵکی سووریە خانوو و دووکانەکان بۆ میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکڕن و ئەو کەسانە بۆ ئەو کارە پارەیەکی باش وەردەگرن.

فرۆشی خانووبەرە لە سووریە بە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، تووڕەییەکی زۆری لەنێو خەڵکی سووریە بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە.