کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فلیپ هامۆند: ڕووسیه بیر لە دروستكردنی وڵاتێکی بچووک بۆ بەشار دەکاتەوە

21:17 - 14 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: فلیپ هامۆند، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، گوتی کە؛ ڕووسیە لە هەوڵی ئەوە دایە وڵاتێکی بچووک بۆ بەشار ئەسەد لە سووریەدا دروست بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هامۆند ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە کە ڕووسیە بە جێگای شەڕ دژی داعش، ئۆپۆزیسیۆنی سووریه بۆردومان دەکات تا بتوانێت وڵاتێکی بچووکی عەلەوی بۆ بەشار ئەسەد لە سووریه‌دا دروست بکات.

هامۆند لە وتووێژ لەگەل هەواڵدەریی ڕۆیتێرزدا گوتی کە؛ ڕووسیه بووەتە هۆی ئەوەیکە دۆخی سووریه قەیراناوی‏تر بێت و ئەو وڵاتە دژبەرانی ئەسەد دەکاتە ئامانج و ڕۆڵێکی دوو لایەنەی گرتووەتە بەر کە هەم خۆی لایەنگری ئاشتی نیشان دەدات و هەم دژبەرانی ئەسەد بۆردومان دەکات.

هاوکات لەگەڵ دانووستانەکانی نێوان حکوومەتی سووریه لەگەڵ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی ڕێژیمی سووریه لە ژنێڤ، ئەرتەشی ئەو وڵاتە پێشڕەویی کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی لاوازیی دژبەرانی ئەسەد.

هەتا ئێستا چەندین جار دژبەرانی ئەسەد داوایان کردووە کە ڕووسیە کۆتایی بە هێرشەکانی خۆی بێنێت و دەست لە پشتیوانیی ئەسەد هەڵگرێت، بەڵام ڕووسیە هیچ بایەخێکی بەو داواکارییەی ئۆپۆزیسیۆن نەداوە و دڕێژە بە هێرشەکانی خۆی دەدات.

ڕووسیه و ڕێژیمی ئێران بە دو هاوپەیمانی سەرەکیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئەژمار دەکرێن و پشتیوانیی لەو ڕێژیمە دەکەن و هێزی نیزامییان لەو وڵاتەدا هەیە.

لەو پێوەندییەدا، تا ئێستا چەندین جار وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا داوایان لەو دوو وڵاتە کردووە کە دەست لە پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە هەڵبگرن.