کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فواد خاکی بەیگی: نەرێنیترین کاریگەریی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، دامەزراندنی گرووپە میلیشیاکان لەو وڵاتەدا بوو

15:46 - 13 رەزبەر 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، لەو وڵاتە دەستی پێکرد و چەندین ڕۆژە هەروا درێژەی هەیە. ئەم خۆپیشاندانانە کە لە چەندین شاری عێراقدا سەری هەڵداوە، چەندین کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتووەتەوە.

خۆپیشاندەران دژی حوزووری ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە دروشم دەدەن و لەسەر سەربەخۆیی سیاسیی عێراق، جەخت دەکەنەوە. ناڕازییان بە دروشمگەلی وەک: "ئێمە مافی منداڵەکانی خۆمان لە ڕێژیمی ئێران دەستێنین"، "بڕووخێت ڕێژیمی ئێران" و ''بڕۆ دەرەوە ئێران'' و دەیان دروشمی لەو چەشنە، کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەن.

عێراقی خاوەن نەوت و خەڵکە ماندووەکەی کە چەندین ساڵە لەگەڵ گرووپی ئیسلامیی داعش لە شەڕدان، ئێستا داوای دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و لەوە گرینگتر، بە دوای سەربەخۆییەوەن. خەڵک، هۆکاری نەبوونی ئەم سەربەخۆییە، لە دەستێوەردانی سیاسی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا دەزانن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە، بەفەرمی هاتووەتە نێو ئەو وڵاتە و بەتەما نییە لەم وڵاتە بچێتە دەرەوە. ڕێژیمی ئیران بە پەرەپێدانی چەکوچوڵ و بنکە سەربازییەکان و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی هیلالی شیعە، هەموو توانای خۆی بۆ دزە لە ناوچەکە، لە ڕێگای وڵاتی عێراقەوە بەکار دەبات.

لەمبارەوە لەگەڵ "فواد خاکی بەیگی"، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتووێژێکمان پێک هێنا و ئەم بابەتەمان خستە بەر باس.

١- هۆکاری سەرەکیی ئەم خۆپیشاندانە لە عێراقدا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

نەبوونی خزمەتگوزاری، نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهات، کێشە و ململانێی ئایینی و مەزهەبییەکان، دەستێوەردانی دەرەکی و... بە بڕوای من گرینگترینی ئەو هۆکارانەن لەم خۆپیشاندانەدا.

٢- بۆچی ئێران بە یەکێک لە سەرچاوەکانی کێشە لە عێراقدا دەناسرێت؟

پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعسی دیکتاتۆر، بەکەڵک وەرگرتن لە هەست و ئیحساسی ئایینی شێعە وەک کەسانێک کە لە سەردەمی بەعس دەچەوسانەوە، ئیران هەستی تۆڵەی تێدا بەهێز کردن و سیاسەتی دووبەرەکی نانەوەی تا ئیستا وەبەر گرت، بۆیە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بەپێی کەڵک وەرگرتنی، لە هەستی مەزهەبی بە قازانجی خۆی کەڵک وەردەگرێت، ئەم جۆرە خۆپێشاندانەش گەر لایەنێکی مەسەلە خزمەتگوزارییەکان بێت، لایەکی دیکەی دەستێوەردانی وڵاتانی چەشنی کۆماری ئیسلامییە لە عێراقدا.

 ٣- ڕێژیمی ئێران چی لە وڵاتی عێراق دەوێت؟

وڵاتێکی دەستەمۆ و بێ شوناس و پڕ لە ئاژاوە و ململانێ و پڕکێشە کە خۆی بە هاوسۆز و خەمخۆریان نیشان بدات، بۆ نموونە لە لایەک داعشیان بۆ دەنێرێت، لە لایەک ڕاوێژکاریان پێ دەدات بۆ شەڕی دژی داعش.

 ٤- داوکاریی خەڵکی ناڕازیی عێراق لە حکوومەتی ئەو وڵاتە چییە؟

چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دامەزراندن و نەمانی گەندەڵی و...

٥- ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا چ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی و ژیانی خەڵکی عێراقدا داناوە؟

نەرێنیترین کاریگەری، دامەزرانی میلشیاکان بە فیتی ئێران و تەرخانکردنی بەشی زۆری بودجەی وڵات بۆ ئەم هێزانە و لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی پڕوەزەدا، هەژارهێشتنەوە و چاولەدەستی خەڵک لە سەرمایەداران و لە ڕووی سیاسیشەوە، پەرەپێدان بە ناسەقامگیری و گوشارهێنان بۆ پەراوێزخستنی ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە دێموکراسی و مافی نەتەوەیی گەلانی عێراق هەیە، بۆ نموونە "عادل عەبدولمەهدی" و بەشێکی زۆر لە سوننەکان.

٦- ئایا ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کەم ببێتەوە؟

 لەم هەلومەرجەدا لە دوو ڕەهەندەوە دەبێ سەیری ئەم ڕووداونە بکەین، یەکەم وا هەست دەکرێت کە دروشمی دژی ئێران دەدرێت کە من پێم وایە ئەم بابەتە ئورگانیزە کراوە، لایەکی دیکە ڕەنگە دەستی خۆدی ئێرانی تێدا بێت، بۆ زەختی زیاتر لەسەر ئەم حکوومەتەی کە لانیکەم کوردەکان پێی ڕازین. جارێک زووە لەو بارەوە بڕیار بدەین، بەس بە بڕوای من لە هەر حاڵدا ئێران باندۆری زۆری لەسەر هاوکێشەکانی نێوخۆی عێراق هەیە.