کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فوئاد خاکی‌بەیگی: ئامانجی سەرەکی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانییە

11:35 - 17 خەزەڵوەر 2718

سەرەڕای ئەوەی کە کوردستانی ئێران بەپێی پانتایی جوگرافیایییەکەی هەرێمێکی فرەحیزبییە لە ئێراندا، پێنج حیزبی کوردستان بە بیرۆکە و سیاسەتە جیاوازەکانیانەوە، پاش چەندین کۆبوونەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، لە ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی بەفرانباری ۱۳۹۶ی هەتاوی، بە مەبەستی کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند.

 لەسەر پرسی ئەو ناوەندە ماڵپەڕی "کورستان میدیا" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز فوئاد خاکی‌بەیگی ئەندامی شاندی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، پێک هێناوە، کە سەرەنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

۱ـ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەر وەکوو لە ڕاگەیەندراوی یەکەمیدا هاتووە، بە مەبەستی کاری هاوبەش لە چوارچێوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە؛ تاکوو ئێستا چەندە لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ئەو ناوەندە سەرکەوتوو بوونە؟

دیارە ئامانجی سەرەکی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانییە، لەسەر بنەما و پڕەنسیپێکی دروست کە بەرژەوەندیی نەتەوایەتی کورد و کوردستان دابین بکات. ڕوون و ئاشکرایە لە هەلومەرجێکی وەها هەستیاری سیاسیدا کە هەنووکە باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە خودی دامەزراندنی ناوەندەکە نوختە گۆڕانێکە لە بیر و بۆچوونی هەموو ئەو لایەنانەی کە پێشتر جیا لەیەک کاریان کردووە و بگرە وەزە و توانایان دژی یەک بووە و ئێستا بەهێزتر لە جاران دژی کۆماری ئیسلامییە.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، لە دەوری کۆبوونەوەی هەموو ئەو بیر و بۆچوونە جیاوازانە لە ناوەندێکی هاوکاریدا، هەنگاوێکی ئەرێنی و جدییە لە ڕاستای هەموو ئەو خواستانەی کە داخوازە نەتەوەیییەکانمان دابین دەکەن.

۲ـ ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، زۆر جار ڕایگەیاندووە کە ناوەندێکە بۆ سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیک بە یەکساڵ لە دامەزراندنی ئەو ناوەندە تێ دەپەڕێت، بۆچی تاکوو ئێستا حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست بەو ناوەندە نەبوونە؟

دیارە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ئێمە پێمان باشە هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە بە واقێعی، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای خۆرهەڵاتی کوردستانن و سیاسەت و کردەوە و بەرنامەی بۆ ئەو بەشەی لە نیشتمانن، لەو هاوپەیمانییەدا ئەندام بن.

بەڵام خۆتان بەباشی دەزانن هەر هاوپەیمانیەتییەک لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی و بەرژەوەندیی هاوبەش دادەمەزرێت. ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا هێڵە گشتییەکان و پێڕەو و پرۆگرامی ناوەندی هاوکاری بڵاو دەکەینەوە، هەر هێزێکی سیاسیی دەرەوەی ناوەند خۆی لەو چوارچێوە ببینێتەوە، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین.

۳ـ ئەو ناوەندە، حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سیاسەتە جیاوازەکانیانەوە لە خۆی دەگرێتەوە، سەرەڕای سیاسەتی جیاوازی حیزباییەتی، تاکوو ئێستا توانیوتانە پلانێکی هاوبەش لە سەر پێگەی کورد بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دابڕێژن؟

بە دڵنیاییەوە، فەلسەفەی وجوودی دامەزراندنی ناوەندی هاوکاری و لە باشترین حاڵەتدا کە بەرەی کوردستانییە، بەهێزبوونی پێگەی کورد و کوردستانە چە پێش لە ڕووخان و چە پاش لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، چۆنکە ئەگەر تۆ هێزێکی بەهێز و شوێندانەر نەبیت، ناتوانی لە هیچ هەلومەرجێکدا باندۆری کاریگەریت لەسەر هاوکێشە سیاسیەکان ببێت و ئەم بابەتەش یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی ئێستای ناوەندی هاوکارییە کە بە ڕوونی دەبێت پلانمان بۆ داهاتوو هەبێت و بەرنامەی سیاسیی خۆمان بە ڕوونی باس بکەین، کە هەر وەک عەرزم کردن لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو هێڵە گشتییانە بڵاو دەکەینەوە.

٤ـ ئێوە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بەرنامەتاندا هەیە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان کۆ ببنەوە؟ چەندە لەم بارەوە هەنگاوتان هەڵگرتووە؟

بێگۆمان ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، چوارچێوەی خەبات و تێکۆشانی لە ئێراندایە، لەو سۆنگەیەوە هەموو ئەو هێز و لایەنانە چە لە ئاستی نەتەوەکانی تری دانیشتووی ئێران و چە هێزە سەرانسەرییەکان کە باوەڕیان بە دێموکراسی و دابینبوونی مافی نەتەوەیی نەتەوەی کورد هەبێت، ئامادەی هاوکارین لەگەڵیان و میکانیزێکمان بۆ کارکردن لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات داناوە و لەو بوارەدا کۆمەڵێک هەنگاوی باشمان هەڵگرتووە.

۵ـ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی‌تری کوردستان چی؟

هەر هێز و لایەنێکی سیاسی کە باوەڕی بە پرنسیپەکانی ناوەندی هاوکاری هەبێت و بە لە بەرچاوگرتنی ئەسڵی دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری یەکتر، ئێمە ئامادەین لە ئاست پرسە نیشتمانییەکاندا کە بەرژەوەندیی گشتی لە سەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبییەوە دابنێت، هەموو هاوکارییەکیان لەگەڵدا بکەین.

۶ـ بۆ هەر پرۆژە و کارێکی هاوبەش لە نێوان چەند لایەنی سیاسی ڕەنگە ئاستەنگگەلێک بێتە پێشەوە، ئێوە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕۆانگەی خۆتانەوە ئەو ئاستەنگانەی بەردەم بەرەوپێشچوونی کارەکانتان کە خۆتان هەستی پێ دەکەن، چین؟

بێگۆمان هەر کارێکی هاوبەش و پێکەوەیی خاڵی بەهێز و لاوازی دەبێت و ڕەنگە لە پرۆسەی کاریدا، ئاستەنگگەلێک بێتە پێش. ڕوون و ئاشکرایە ئەو کار و هەوڵە هاوبەشانەی لەم ناوچەییەی کە ئێمە تێدا دەژین و تەمرینی دێموکراسی و تێلۆرانسی تێدا کەمە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەس هەموو هەوڵی ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە، کە نە تەنیا ئەم هەوڵە هاوبەشە نابێت شکست بهێنێت، بەڵکوو دەبێ دامەزراوەییتر و بەرفراوانتر ببێت و هەموو ئەو هەوڵانە بەتایبەت لە لایەن کۆماری ئیسلامی و دەستوپەیوەندەکانی شکست پێی بێنین، کە لە فکری ئاستەنگ دروستکردن و تێکدانی ئەم هەوڵە نەتەوەیی و نیشتمانییە هاوبەشەن.