کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ دیداری کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەرانی کۆمیتەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان

11:26 - 26 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ، لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، دیدارێکی دۆستانە لەنێوان نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێک هات.

دیدارەکە لە شاری "ڤانتا" بەڕێوە چوو و دوو کاتژمێری خایاند.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، "جەلال سوبحانی" بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزب لە فینلاند، بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و مەبەست لە دیدارەکەی ڕوون کردەوە.

پاشان "کەریم حەبیبی"، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە فینلاند، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەنیسبەت ئەم دیدارە دۆستانەیە، چەند وتەیەکی لەسەر پرسەکانی ڕۆژ و هەروەها پێوەندیی نێوان کۆمیتەکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی فینلاند پێشکەش کرد.

"حەبیبی" لە وتەکانیدا باسی لەوە کرد: "پێویستە حیزبە کوردستانییەکان بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و هەموومان پشتیوان و یارمەتیدەری یەکتر بین"؛ هەروەها جەختی کردەوە کە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە فینلاند هەروەک ڕابردوو، ئامادەی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دیکەیە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارە دۆستانەیەدا، نوێنەری کۆمیتە و ڕێکخستنی حیزبە کوردستانییەکانی بەشدار، وێڕای سپاس لە کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ ڕێکخستنی ئەم دیدارە، پیرۆزبایی گرتنی کۆنفڕانسی کۆمیتەی گشتیی حیزبیان لە بەرپرسان‌ و ئەندامانی حیزب کرد.

بەشداربووان لە نێوئاخنی ئەم دیدارە دۆستانەیەدا ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسە پێوەندیدارەکان بە نەتەوەی کورد لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ کرد و لەسەر پێوەندی ‌و دیداری بەردەوام و کار و چالاکیی هاوبەش جەختیان کردەوە.

ئەم دیدارە لە پاش هەڵگیرانی سنووربەندییەکانی تایبەت بە ڤایروسی کۆڤید ١٩، گەورەترین دیداری نێوان نوێنەرانی کۆمیتە و ڕێکخستنی حیزبە کوردستانییەکان لە فینلاند بوو کە نوێنەری ٧ حیزب تێیدا بەشدار بوون.