کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە/ خۆپیشاندانێک بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

09:31 - 4 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک بە دژی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پاریس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕیکەوتی ٢ی سەرماوەز، بە هاوکاریی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپیشاندانێک بە دژی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و  ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری پاریس بەڕێوە چوو.

پاش گرانترکردنی نرخی بێنزین لەلایەن کارگێڕان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، گشت توێژ و چینەکانی وەزاڵەهاتووی کۆمەڵگەی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەڕبڕی، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، دەستیان لە کوشتن و بڕین و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی نەپاراست.

لەم پەیوەندییەدا لە پاریسی پێتەختی فەرانسە، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەو کەسانەی کە لەم خۆپیشاندانەدا وتاریان پێشکەش کرد بریتین لە: ''فرامەرز بەهار" پێشکەشکاری بەرنامە، ویدا فورهودی'' شاعیر، ''یووسف ئەردەڵان''، ''جەلیل گادانی'' بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ''فروغ جواهری'' و ''پەرویز نەویدی'' لە حیزبی چەپی ئێران، ''حماد شیبانی''، ''مەسعود جاهد'' و ''عەزیز ماملێ'' وەکوو کۆڕی کۆردەکانی دانیشتووی فەرانسە.

هەروەها ئەو ڕێکخراو و  ئەنجومەنانەی کە  لە پێکهێنانی  ئەم خۆپێشاندانەدا بەشداربوون بریتین لە: ''ئەنجومەنی دیفاع لە زیندانییانی سیاسی، هاوخەباتی سۆسیالیستی لەگەڵ کرێکارانی ئێران، یەکیەتیی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران، کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە، حیزبی چەپی ئێران و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران".