کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی نەغەدە هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکرات

20:03 - 23 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پاسداری تێرۆریست، سەرهەنگ ئەمیر ئەکبەری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەلاکانی سوننە و شیعە مەزهەب شاری نەغەدە هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، پاسداری جینایەتکار ئەمیر ئەکبەری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەلاکانی سووننە و شیعە مەزهەب باسی لەوە کردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هۆکاری نائەمنی لە ناوچەکە دایە و بە زمانێکی دڕندانە دژی حیزبی دێموکرات دەدوێت.

ناوبراو لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی ئامریکا، عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل بە پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەیانهەوێ نائەمنی و بشێوی لە ناوچەکەدا دروست بکەن و گەلێک تۆمەتی ناڕەوا وەپاڵ حیزبی دێموکرات دەدات.

ئەو پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیم هەروەها لە قسە پوچەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات کە گۆیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پارەی ئامریکا و ئیسرائیل دەیهەوەێ نائەمنی لە ناوچەکەدا دروست بکات.

پاسداری تێرۆریست ئەکبەری هەروەها باس لەوە دەکات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لەژێر ئاڵای ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران شەڕ دەکەن.

ناوبراو لە بەشێكی دیکەی قسە چەواشەکارییەکانیدا دەڵیت دوژمنی ئامریکا لەگەڵ موسڵمانانی جیهان تا ئەبەد درێژەی هەیە و بەرپرسانی سعوودیش ناتوانن بەڕێوەبەری ماڵی خودا بن و بەڕێوەبەریی ماڵی خوداش کەوتووەتە دەستی کۆمەڵێک نەزان و منداڵ کوژ.

لە دوای دەسپێکی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین شەڕ و دەرگیریی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕێژیمی ئێران ترسێکی زۆری لێ نێشتووە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بە هەر شێوەیەک لە هەوڵی کەم‌بایەخ پیشان‌دانی ئەو خەباتە نوێیەی حیزبی دێموکراتن.

دوای ئەوەیکە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل هێرشیان کردە سەر تێمێکی پێشمەرگەکان، لە ئەنجامی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی داگیرکەری کوردستان، حاجی سەمەد بۆستانی جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارنی ڕێژیم لە شاری شنۆ کوژرا.