کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە؛ لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێز لە شەهیدانی ڤییەن گیرا

18:28 - 23 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ژوئیەی ٢٠٢٢ بەرامبەر لەگەڵ ٢٢ی پووشپەری ساڵی ١٤٠١هەتاوی، بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڤییەن دوکتور ''عەبدولڕە‌‌حمان قاسملوو'' و ''عەبدوڵڵا قادری ئازەر'' کە ٣٣ ساڵ لەمەوبەر بە دەست دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کران، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە و بێلژیک لە گۆڕستانی ''پێرلاشێز'' لە فەرانسە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' دەستی پێ کرد و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا.

پاشان بەشێک لە وتە بەنرخەکانی شەهید ''دوکتور قاسملوو'' کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا ڕێک دەکەوت لەسەر مەزاری شەهیدان لە گۆڕستانی ''پێرلاشێز'' بڵاو کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە ''شاهۆ حوسێنی'' بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بە زمانەکانی کوردی و فارسی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

"حوسێنی" لە وتەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری ئەمنییەتی و ئابووریی ئێستای وڵاتی ئێران کرد و لە هەمان کاتدا باسی لە گرینگی و یەکگرتوویی حیزب هەر وەکوو شەهیدی ڕێبەر دوکتور ''قاسملوو'' لە قسەکانیدا وەک ڕێنوێنی بە تازەلاوان باسی دەکا، کرد.

دواتر دوکتور ''کەنداڵ نەزان'' سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس کورتە وتارێکی بە زمانی فەرانسەیی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها مامۆستا ''بەها'' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک وتاری هاوبەشی کۆمیتەکانی فەرانسە و بێلژیکی پێشکەش کرد کە ئاوێنەی تەواونما لە بارودۆخی ئێستای ئێران و هەروەها حیزب بوو کە پیشانی دەدا ڕۆڵی ئێستای ئەندامان و لایەنگرانی حیزب چۆنە.

دواتر ''ئیسماعیل غوڵامی'' بە خویندەوەی شێعر هەستی خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەربڕی و لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ''خوسرەو عەبدوڵڵاهی'' بە زمانی فەرانسەوی سپاسی میوانان و بەشداربووانی کرد.