کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەی گەلاوێژ

18:03 - 25 گەلاوێژ 2720

کەریم پەرویزی

ژیانی کۆمەڵگا، بە بوونی رەوت و گرێچنێكی هزریی پتەوەوە بەرەو هەڵکشان دەچێ و لە ئەگەری لاوازیی وەها گرێچنێکدا، ژیانی کۆمەڵگا و تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریشی بەرەو شپرزەیی و لە هەندێ دۆخی تایبەتیشدا بەرەو لێکترازان دەچێ. هزری بناخه‌یی، تانوپۆی کۆمەڵگایەک پێکەوە دەبەستێ، دەبێتە بەستێنێک کە تاکەکان پێناسەیەک بۆ ژیانی ئەمڕۆیان و ئاواتەکانی سبەینێیان دەکەن.

هەروەک قوتابخانەی کۆنفۆسیۆس و مەکتەبی فرانکفۆرت و قوتابخانەی لینکۆڵن لە ئامریکا، دونیابینی و ژیانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمەلگایان بەجۆرێک داڕشتوە، دوای تێپەڕینی کات و گۆڕانی نەوەکانیش، ژیان لە رەوایەتە گشتیەکەیدا لەسەر هەمان هێلێ مۆسیقایی ئەو قوتابخانە دەژەنرێتەوە.

لە کوردستانیشدا، قوتابخانەیەک دامەزراوە کە به‌رده‌وام فراوان بووه‌ و گەشە بە لایەنە مرۆیی و کوردستانیەکانی دراوەو له‌ پاش ٧٥ ساڵ، وانەکانی قوتابخانەکە لە کۆڵان و شەقامدا و لە نێو دەربەند و شاخدا زایەڵەیان دەبیسرێتەوەو شاخ و شار پێی ده‌سته‌ملان ده‌بن.

قوتابخانەی گەلاوێژ چەند وانەی سەرەکی و بناخەیی هەیە کە بە تێپەڕینی کات نەک کز و لاواز نەبوون و لە لێڵایی رۆ نەچوون بەڵکوو ساڵ بە ساڵ و نەوە بە دوای نەوە گەشاوەتر و رووناکتر و رووناکیدەرتر بوون.

یەکێک لەوانە کە لە پەیڤە درەوشاوەکانی قازی و قاسملوو و شەرفەکەندیدا وەکوو تاڤگەیە رژاونەتە دەروونی کۆمەڵگاوە، پێداگری لە سەر پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بووە و خەمی ئەم قوتابخانە لە نیگەرانی بۆ پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤەوە دەستی پێ کردوەو لە پێناوی پاراستنی ئەو کەرامەتە مرۆییەدا گیانبازی کراوە.

وانەی دووهەمیش، وەپێشخستنی بەرژەوەندیی کۆ بەنیسبەت بەرژەوەندیی تاک و بناخەبوونی بەرژەوەندیی نەتەوە بەنیسبەت بەرژەوەندیی گرووپەوە بووە و گینفیدایی لە پێناوی پاراستنی شوناس و سەروەریی نەتەوەییدا بووە کە رێبەرانی شەهیدی و هەزاران ئەندام و لایەنگر و کادر و پێشمەرگەی لەپێناویدا سەمای سەربەستییان کردوە.

وەکوو قوتابخانه‌ كۆنه‌كه‌ی یۆنان كه‌ نووسیبوویان هەرکەس هەندەسە نازانێ نەیەتە ژوور، دروشمی سەر درگای قوتابخانەی گەلاوێژیش، ئەمەیە: لە پێناوی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و وەدەستخستنی سەروەریی نەتەوەییدا وەرنە ژوور.

پیرۆزبێ یادی دامەزرانی ئەم قوتابخانە و قوتابیانی بە میلیۆنان بن.