کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێكی كورد، لە درووستكردنی شیرینیی پاقلاوا لە ئاستی جیهاندا، ڕێکۆردی تۆمار كرد

11:26 - 6 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێکۆردی دروستکردنی گەورەترین شیرینی پاقلاوا لە ئاستی جیهانیدا کە لە دەست کەسێکی بە ڕەگەز تورکدا بوو، لە لایەن لاوێکی کوردەوە شکێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٤ی خەزەڵوەر لە شاری ''ڤێسترۆس''ی وڵاتی سوئێد و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە بەشداریی بەشێک لە بەرپرسانی پارێزگای ''ڤێستمانلاند'' و میدیاکاران و سەدان کەسی دیکە، ''کەیهان دەرویشی'' ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، توانی  ڕێکۆردی  گەورەترین شیرینیی ''پاقلاوا''  لە جیهاندا بشكێنێت.

درێژایی ئەو شیرینیە ٨ میتر، پاناییەکی ٥/٥ میتر و كێشەکەشی ٧٢٤ کیلۆگرەم بووە.

براوەی ڕێکۆردی پێشووی ئەم شیرینیە کەسێکی بە ڕەگەز تورک بوو کە لە شاری ''ئانکارا'' بە كێشی ٥١٣ کیلۆگرەم ئەم ڕێکۆردە جیهانییەی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردبوو.

داهاتی ئەم شیرینیە گەورەیەی جیهان بۆ ئەو ئافرەت و منداڵە بێسەرپەرستانە   تەرخان دەکرێت کە ژیانیان لە ژێرهەڕەشەی تاک و گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهاندایە.

کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کە ئێستا کەوتوونەتە ژێرهێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیەوە، بەشێک لە داهاتی ئەم شیرینییە وەردەگرن .

"كەیهان دەرویشی" ئەو پڕۆژەیەی بە مەبەستی زیاتر ناساندنی كورد و هێنانە بەر باسی پرسی كورد و كۆكردنەوەی پاڵپشتی زیاتر بۆ كوردستان و كوردەكان، ئەنجامدا.

ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا کەمپەینێکی بە ناوی ''بەرگری لە کوردستان'' (Defendkurdistan) لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا ڕاگەیاند، کە بە هەزاران تیشێرت بەم ناوەوە لە وڵاتانی جیهاندا فرۆشران.

هەروەها کێبرکێیەکی فووتباڵی لە سەر ئاستی وڵاتی سوئێد پێکهێنا، کە داهاتی یەک ڕۆژی ئەو کێبرکێیانە نزیک بە ١٧ هەزار دۆلار بوو، کۆی ئەو داهاتە و داهاتی ئەو کەمپەینە بە بێ جیاوازیی بیری سیاسی لە باشووری کوردستان، درا بە بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵە کەمداهاتەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپە جۆراوجۆرەکان، کە دیارترینیان کڕینی جلوبەرگی قوتابخانە و پێداویستیی خوێندن بۆ ٤٠٠ منداڵ و هاوکاری نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کۆیە بوو.

هەروەها ناوبراو، یارمەتی و هاوکاریی پەنابەرانی لە کەمپی پەنابەرانی ''دۆمیز'' داوە.

''کەیهان دەروێشی''  ساڵی ١٩٩٢ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی ''بێراسب'' لە ناوچەی مەرگەوەڕی وەرمێ لە دایک بووە. کەیهان کوری ''عەتا''  و پەریخان مێهفەر و نەوەی شەهید مامۆستا مەلا ئەحمەد دەرویشییە كە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانن.