کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له پارلمانی سوئید لەسەر پرسی کورد گفتوگۆ کرا

10:47 - 23 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە سوئید سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد و باسیان لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات خەبات بۆ دێموکراسی لە ناوچەکە و کوردستاندا دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێكهاتوو لە "حەمید تەیمووری"، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوئید و هاوکارانی، "جەمیلە حەسەنخاڵی و عەبدوڵڵا عەبدی"، لەگەڵ نوێنەرانی سوسیال دێموکراتی سوئید کۆ بوونەوە.

 هەیئەتی حیزبی سوسیال دێموکرات پێکهاتبوون لە "کادیر کاسیرگا"، هاوکاری بەشی پێوەندیی حیزب، "توماس کارڵهێد"، نوێنەری ناوەندی "ئۆڵۆف پاڵمە، "ئەندرێس ئۆێستبێری"، نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و "سەرکان کوێسە"، پارلەمانتار.

لەم دیدارەدا کۆمەڵێک خاڵی پێوەندیدار بە کوردستان بەتایبەتی و ئێران بەگشتی خرایە بەر باس.

سەرەتا باسێکی کورتی خاڵە هاوبەشەکانی حیزبی دێموکرات و سوسیال دێموکرات لە لایەن هەیئەتی حیزبی دێموکراتەوە هاتە باس کردن کە حیزبی دێموکرات خەبات بۆ دێموکراسی لە ناوچەکە و کوردستان دەکات کە خاڵێکە سوسیال دێموکراتیش هەردەم تێدەکۆشێت پێشی بخات، ئێمە دژی ڕەگەزپەرەستین چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا و هەروەها دژی بیر و بۆچونی ڕاسیستی و نازیستین.

حیزبی دێموکرات خەبات بۆ دێموکراسی لە ناوچە، ئێران و تەنانەت لە جیهانیشدا دەکات، کەوابوو حیزبێکی دێموکرات و سوسیالیستین و سەردەمیانە و لەسەر بنەمای دێموکراسی و سیاسەتی جیهانی کار دەکەین.

هاوکات حیزبێکی ئێنترناسیوناڵیستین و لەگەڵ حیزبە سوسیالیستەکانی جیهان بەرابەرین، ئەو حیزبانەی کە ڕێز لە بنەماکانی دێموکراسی و فەرهەنگی و کولتووری و بەگشتی خواستی میللەتانیان قەبووڵە.

پاشان باسی هەلومەرجی کوردستان بەگشتی، هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و بە عەرەب و تورک کردنی کوردستان کرا کە جینایەت لەو بەشەی کوردستان ڕوو دەدات.

باس لەوە کرا دۆخی کوردستانی ئێران لەوپەڕی خراپیدایە، ئێعدامەکان ڕوو لە زیاد بووندایە و ڕۆژ نییە کەسێک یان چەند کەس لە بەندیخانەکانی شارە کوردستانییەکان لە لایەن ڕێژیمەوە ئێعدام نەکرێن.

پرسی مافی مرۆڤ لەو پەڕی خەراپیدایە و سەرانی ڕێژیمی ئاخوندی بە تەواوەتی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب، ئازەری و بەلووچ هیچ ڕێزێکی تەنانەت سەرەتایشییان بۆیان نییە، خەڵکی عەرەبی ئەهواز ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم درووشم دەدەن کە ڕێژیم شاعیرێکی عەرەبی کوشتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئاماژەیان بە بەرپرسی مافی مرۆڤ لە "یوو.ئێن" کرد کە باسی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات و بە تەواوەتی مەحکوومی دەکات و دەڵێت نەتەوەکانی تر و کەمە مەزهەبییەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکرێن و لە زینداندا ئەشکەنجە دەکرێن.

"جاوید ڕەحمان" باسی لەوە کردووە، منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ساڵ ئێعدام دەکرێن. هەتاکوو ئیستا نزیکەی ٩ منداڵ ئێعدام کراون و ٩٠ منداڵی تر چاوڕوانی سزاکەیانن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ ئێرانیان مەحکووم کرد کە نەیانتوانیوە ئەو خاڵانە کە بۆ ڕێژیمیان دیاری کردووە، جێبەجێی بکەن و لاریجانی وتوویەتی کە ئێمە ناتوانین ئەو خاڵانە جێبەجێ بکەین چوونکە لە قەیرانی ئابووریدا دەژین و ئابلووقەکان کاری خۆیانیان کردووە و ڕێژیمیان بە جۆرێک پەک خستووە.

لە کوردستان مانۆڕی نیزامی لە شارەکانی ورمێ و پیرانشار ئەنجام دراوە و خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا دەژین. کوشتنی کۆلبەران لە بەرزبوونەوەدایە و ڕۆژانە کەسێک یان چەند کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن.

دۆخی ژنان و لاوان زۆر جیگای نیگرانییە و ڕادەی خۆکوژی بە هەمان شێوە لە بەرزبوونەوەدایە. ژینگەی کوردستان و سەرچاوە ئاوییەکانی لە مەترسیدایە. هیزه نیزامییەکانی ڕێژیم ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەردەدەن. بێکاری لەو پەڕی خەراپیدایە. ڕادەی خوێندکارەکان کە زانکۆیان تەواو کردووە لە بێ خوێندەوارەکانی کوردستان و ئێران زیاترە.

ڕێژیم سیخوڕەکانی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیشدا بڵاوە پێکردووە و بۆ دەستنیشانکردنی گرووپ و کەسانی نەیاری خۆیان کە چۆن تێرۆر ئەنجام بدەن، نموونەی ئەوەی کە هەفتەی ڕابردوو کەسێکی ئێرانییان بە تۆمەتی سیخوڕی لە سوئید دەستگیر کردووە.

 "جەلیل موحیبی" ستادی  "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" وتوویەتی، لە سەرەتای دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیم تاکوو ئێستا ١٥هەزار کەسیان ئێعدام کردووە کە ماددەی هۆشبەریان بەکار هێناوە. ئەمە ئاماری خۆیانە و لەوەش زۆرتریان لەنێو بردووە.

وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتوویەتی، ئێمە ئەو کەسانەی مەزهەبی فەرمیی ڕێژیمیان قەبووڵ نییە ناهێڵین لە قوتابخانەکاندا دەرس بخوێنن.

باسی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتانی دراوسێدا کرا کە خۆپێشاندانەکانی عێراق هەرچی خەڵک دەکوژرێت سپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە پشتەوەیە، چونکە خەڵکیان گرتووە بە زمانی فارسی لە بەغدا قسە دەکەن.

 لە وڵاتی سووریە بە هەمان جۆر، لوبنان و یەمەنیش هەمووی دەستی ئێرانی تێدایە کە خەریکی ئاژاوەنانەوەیە لە ناوچەکە و کێشەی خۆیان دوور دەخەنەوە. بەگشتی ڕێژیمی ئاخوندی دەیهەوێت ئیدئولۆژیی مەزهەبیی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا پەرە پێ بدات.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات داوای کرد کە دەبێ گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیم کە مافی گەلانی ئێران و مەزهەبەکانی تری لەبەرچاو بگرن و کۆتایی بەو دیکتاتۆرییە بهێنن. دەبێ پرسی کورد لە ئاجیندای خۆتان دابنێن و لە پارلمانی سوئید بیورووژێنن و بیدەنە پارلمانی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەلومەرجی کوردستان بخەنە سەر مێزی وتووێژەکانتانەوە.

 باسی ئەوەمان کرد کە سوسیال دێموکرات دەبێ پرۆژەیەکی هەبێ بۆ پرسی کورد و بەتایبەتی بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات کە وڵاتانی جیهان بێدەنگییان لێ کردووە.

هەیئەتی سوسیال دێموکرات باسیان لەوە کرد ئێمە هەردەم باسی پرسی کورد دەکەین و شتێکی شاراوە نییە و هەلومەرجی کوردستان بۆ هەموو لایەک ڕوونە. بەتایبەتی ئێمە هەڵوێستی خۆمانمان بە ئاشکرا دژی تورکیە ڕاگەیاندووە.