کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له پارلمانی سوئێد باس لە خەباتی پێشمەرگە دژی ڕێژیمی ئێران کرا

17:28 - 27 رێبەندان 2719

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندان، هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد، پێکهاتوو له "حەمید تەیمووری و جەمیلە حەسەنخاڵی"، بە مەبەستی گفتوگۆکردن چوونە پارلمانی وڵاتی سوئێد و لەگەڵ خاتوو "شێشتین لووندگرێن"، نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی ناوەند دیداریان پێک هێنا.

لەو دیدارەدا کۆمەڵێک خاڵیان لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەگشتی و هەلومەرجی حیزبی دێموکرات تاوتوێ کرد.

 لەو کۆبوونەوەیەدا، باسێکی کورت لەسەر هەلومەرجی حیزبی دێموکرات بەگشتی و بەردەوامیی خەبات دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئێران و چالاکیی پێشمەرگە و بەردەوام بوونیان لە خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان کرا.

باس لە کاریگەربوونی ئابلۆقەکان لەلایەن ئامریکا، لاوازبوونی ڕێژیم لە بواری ماڵی و پێڕانەگەیشتنی بە خەڵکی ئێران و گرفتەکان لە کوردستان، کێشەی ژینگە، تێکدانی ئاسەوارەکان و ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان کرا.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، گرتن و ئازاردانی خەڵک و خۆپیشاندانەکان لە شەقامی شارەکان لە ئێران و کوردستان بەردەوامە. گرتنی چالاکانی مەدەنی و بێسەروشوێن کردنیان بووەتە ڕووتینی ڕۆژانە. کوشتنی کۆڵبەران لە هەڵکشاندایە و تەنیا لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، ١٩ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوونه.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، هەڕەشەکانی ڕێژیم لە خەڵکی کورد و حیزبە کوردییەکان بەردەوامە و ڕێژیم بە هەموو جۆرێک لە پیلانگێڕیدایە. هەموو لایەک دەزانن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان گرووپی تێرۆریستیی پێک هێناوە.

لەو دیدارەدا باس لەوە کرا، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندەرانی شارەکانی ئێران و کوردستان دەدەنە بەر گولـلە و دەیانکوژن. ڕێژیم ئێستا خەریکی هەڵبژاردنی مەجلیسە و دەیانهەوێت بە هەر نرخێک بووە خەڵک بۆ سەر سندووقەکان ڕابکێشن و سەرەڕای ئەوەش هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە دەبێ بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان. هەرچەند خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەتی، بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و کورد ٤٠ ساڵە "نا"ی بەو ڕێژیمە وتووە.

لەو بوارەدا خاتوو "شێشتین" باسی گرفتەکانی کوردی کرد و وتی، ئاگاداری کێشەی کورد هەین لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەزانین هەر ئاڵوگۆڕێک پێک بێت کورد زەرەرمەند دەبێت و ئەمەش کێشەیەکی چارەسەر نەکراوەیە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئێران بەهۆی ئابلۆقەکانی ئامریکاوە لە زۆر بواردا لاواز بووە، بەڵام ئەمەش هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. ناوبراو باسی لەوە کرد کە دەبێ پارلمانی ئورووپا و هەموو زلهێزەکان چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان بدۆزنەوە و لەو بوارەشدا تێدەکۆشن.

"شێشتین" لە کۆتاییدا سپاسی هەیئەتی کرد بۆ زانیارییەکانی و لەسەر دیدارەکان لە داهاتوودا جەختی کردەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە پارلمانی سوئێد هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خاتوو "دێزێرێ"، پارلمانتاری مەسیحی دێموکرات چاوپێکەتنیان کرد.

لەو دیدارەدا باس له کێشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و هەلومەرجی حیزبی دێموکرات کرا.

"دێزێرێ" وتی، ئێران کێشەیەکی سەرەکییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا لەگەڵ پارلمانتاری سوسیال دێموکرات، خاتوو "لاوێن ڕێدار"، دیداری کرد و لەسەر هەلومەرجی حیزبی دێموکرات، کوردستان و ئێران گفتوگۆیان کرد.