ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شنۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بووە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "کاربەدەستانی ئێران دەبێ حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە حوکمێکی بەتەواوی نادادپەروەرانەیە هەڵبووەشێننەوە و دەرفەتی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بەبێ حوکمی لەسێدارەدان بڕەخسێنێت".
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "مەحیەدین ئیبراهیمی لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوییەوە لە زینداندایە و لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی بەغی بە سێدارە مەحکووم کراوە، ناوبراو ئەو تۆمەتەی لە قۆناغە جیاوازەکانی دادگادا ڕەت کردووەتەوە".
"مەحیەدین ئیبراهیمی" لە ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بووە و بە تۆمەتی "هاوکاریی و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران" دەسبەسەر کراوە.