کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە پاریس سەردانی مەزاری شەهیدانی ڤییەنی کرد

11:44 - 23 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ژوئیەی ٢٠٢١ بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە، لە ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو'' سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزب و هاوڕێیانی، سەردانی مەزاری ئەو شەهیدانەی لە گۆڕستانی پێرلاشێز کرد.

لێپرسراوی گشتیی حیزب بە دانانی گوڵ لەسەر مەزاری شەهیدانی ڤییەن و بێرلین، لەلایەک پەیمانی لەگەڵ ئەم شەهیدانە نوێ کردەوە کە ڕێگایان درێژەی هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەم سەردانە پیشاندەری وەفایەکە بۆ خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەم شەهیدانە.

٣٢ ساڵ پێش ئێستا و لە وەها ڕۆژێکدا کاربەدەستانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ بۆ ئاشتی، ڕێبەرانی بزووتنەوەی مافخوازیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان ناجوامێرانە شەهید کرد.

کاربەدەستانی دەوڵەتی ئۆتریش دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییان بەبێ لێپرسینەوە و بەدواداچوون ڕەوانەی ئێران کردەوە.

درێژەپێدەرانی ڕێگای شەهید دوکتور ''قاسملوو"، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا بە چالاکیی سیاسی و تەبلیغاتی و بەرپاکردنی سێمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە، پیشان دەدەن کە ئەم شەهیدانە لە بیر نەکراون و هێشتا وەکوو مەشخەڵ بەدەستانی ڕێگای ئازادیی کوردستان چاویان لێ دەکرێت و ڕێز لە خەباتیان دەگیردرێت.