کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات: پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەلئەحواز دەکەین

13:25 - 12 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی، "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوو لە خەڵکی ئەلئەحواز ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەلئەحواز دەکات.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی "ئەحواز، ئابادان" و شارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە!

ویست و ئیرادەی یەکڕەنگیی ئێوە لەو ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەی دواییدا دژی ستەمکارییەکانی ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، دەرخەری ئەوەیە کە هاووڵاتییانی عەرەبی وڵاتەکەمان لەو ناوچەیە وشیارانە و بە ئاگاییەوە داوای مافەکانیان دەکەن.

خەڵکانێک کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمە، لەژێر ستەمی دوو هێندە و هەڵاواردنی ئاشکرادا بوون و بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە سەرکوت کراون.

ئەو سیاسەت و بەرنامەیەی ڕێژیم سەبارەت بە هەموو ئازادیخوازانی ئێران، بەتایبەت نەتەوە ژێردەستەکان، بەردەوام درێژەی هەبووە. نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە باشی لەگەڵ ئەو سیاسەتە ئاشنایە و بە پێست و ئێسکی خۆیان ئەو زوڵمەیان ئەزموون کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێمە لە قووڵایی دڵمانەوە لەگەڵ ئێوە هاوخەبات و هاوهەنگاوین و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی ئێوە و خۆڕاگریی قارەمانانەی ئێوە دەکەین. زۆر باشە کە لەژێر سێبەری خەباتی یەکپارچەیی و یەکگرتوودا، هەموو ئازادیخوازان بەتایبەت نەتەوە زوڵملێکراو و پەراوێزخراوەکان، دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە تێکەوە پێچین. ئێمە سەر دەکەوین.

لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سەرەخۆشی لە هەموو بنەماڵەی قوربانییانی بینای "مێترۆپۆل" و خەباتکارانی بوێری "ئەحواز" و شارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.