کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵمان تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران محکووم کرا

10:14 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بۆ پشتگیری لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوو خۆپیشاندان لە شارەکانی کۆڵن و شتوتگاردی ئاڵمان، لەلایەن ناوەندی هاوکارییەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، کۆمیتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شارەکانی کۆڵن و شتوتگارد بۆ پشتگیری لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەر دوو خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئورووپایی، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی نوێی گەلەکەمان، دەستی پێکرد.

لە خۆپیشاندانەکانی کۆڵن و شتوتگارددا، پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانەکانی ئاڵمانی، ئینگلیزی، کوردی و فارسی خوێندرانەوە.

کۆمیتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پەیامەکەیاندا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ خرۆشانە جەماوەرییەکەی گەلانی ئێران و کوردستان دووپات کردەوە کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتبووەوە.

هەروەها هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕێژیم لەگەڵ خۆپیشاندەران کە بووە هۆی شەهید و بریندارکردنی سەدان کەس و گرتنی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی، مەحکووم کرا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتانی دێموکرات و مرۆڤدۆست، کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و هونەرییەکان کرابوو کە پاڵپشتی لە گەلانی زوڵملێکراوی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بکەن و ئیزن بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران نەدەن.

هەروەها لەم خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی چوارپارچەی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەشدار بوون.