کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵماندا، خۆپیشاندانێک لە دژی سپای تێرۆریستی پاسداران بەڕێوە چوو

11:35 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە شاری هامبۆرگ، خۆپیشاندانێک لە دژی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە بەردەم کونسوولگەریی ڕێژیمی ئێراندا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ۷ی بانەمەڕ، لە شاری هامبۆرگ، خۆپیشاندانێک لە دژی سپای تیرۆریستی پاسداران بەڕێوە چوو. لەو خۆپیشاندانەدا کە بە هاوبەشیی ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و کۆمیتەی ناوچەی هامبۆرگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجام درا، چەندین پەیام بە مەبەستی پشتیوانی لە بڕیاری ئامریکا لەمەڕ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، خوێندرانەوە.

لە درێژەی گردبوونەوەکەدا، "شەهریار نەقشبەندی"، بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوەندی ئورووپا، وتارێکی لەسەر دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت دۆخی دژواری قوربانییانی لافاولێدراو و هێنانی هێزە تێرۆریستییەکانی وەک حەشدی شەعبی، فاتمیوونی ئەفغانستان و حیزبوڵڵا بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی، پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانە، "داوود حەیدەری"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو کە: (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی کوردستان، پێشوازی لە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە لایەن ئامریکاوە دەکەن و حیزب لەو بارەوە دووپاتی کردووەتەوە، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم هێزی سەرەکییە بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و توندوتیژی لە نێوخۆ و دەستێوەردانی تێکدەرانە لە دەرەوەی ئەو ڕێژیمەدا).