ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لەسەر بانگهێشتی نوێنەری باڵوێزخانەی وڵاتی "پێرۆ" لە "ئوسلۆ"ی پێتەختی "نۆروێژ"، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی کوردستانی و نوێنەرایەتیی باڵوێزخانەی "پێرۆ" پێک هات.
شاندی کوردستانی پێک هاتبوو لە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان، پارتی دێموکراتی کورد ـ باکوور، "ئەنجومەنی دیپلوماتیکی کورد" و "جۆسۆ ئالبێرتۆ" نوێنەری باڵوێزخانەی پێرۆ.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەو پرس و بابەتانە کراوە: "دۆزی کورد و بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەیوەندیی کورد و ڕێکخراوەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئامریکای لاتین و پەرەدان بەو پەیوەندییانە، گوشارەکانی سەر کورد و پێشگرتن بە دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆی کورد لە ناوچەکە و بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە و زلهێزانی جیهانی لەو پەیوەندییەدا، شەڕی دژی تێرۆر و ڕۆڵی کورد لەو شەڕەدا و گرنگیی پاڵپشتیی جیهانی بۆ کورد کە خاوەن حەشێمەتێکی دەیان ملیۆنین لە هەرێمەکەدا".
لەو کۆبوونەوەیەدا "گەلاوێژ محەممەدی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، نوێنەرایەتیی حیزبی دەکرد.