کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بلژیک ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی شەهیدانی ڤییەن لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرا

13:35 - 25 پووشپەڕ 2721

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، بە مەبەستی مەحکوومکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران و هاودەستیی ڕێژیمی ئۆتریش لەم دۆسیەیەدا، خۆپێشاندانێکی لە نێوەڕاستی شاری "برۆکسێل" پایتەختی بلژیک بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتیی خەڵک بۆ ئەم بۆنەیە بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ، بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکردنی شەهیدی ڕێبەر دوکتوور "قاسملوو و شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر" بە دەستی تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئێران لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی لە شاری ڤییەن، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک خۆپێشاندانێکی لە بەرامبەر وێستگەی ناوەندی شاری برۆکسێل پایتەختی بلژیک بەڕێوە برد.

خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" دەست پێکرا و دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدی ڕێبەر دوکتوور "قاسملوو و شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر" و هەموو شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان ڕاگەیێندرا.

لە خۆپێشاندانەکەدا پەیام بە زمانەکانی کوردی، فەرانسەوی و ئینگلیزی پێشکەش کران و چەندین پلاکاردی پان و بەرین تایبەت بە چۆنیەتی شەهیدکردنی دوکتور و "قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا" بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران و بنەمای تێرۆریستپەروەرانەی ڕێژیمی ئێران هەڵواسێندرابوون کە سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکیشابوو ، هەروەها لەم پەیوەندییەشدا برۆشووری تایبەت کە ژیان و بەسەرهات و چۆنیەتیی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" باس کرابوون، لەنێو خەڵکدا دابەش دەکران.

لەم خۆپیشاندانەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە بە زمانی کوردی لەلایەن "بەها ئیبراهیمی،" بەرپرسی کۆمیتە، بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن "کاوە ئاهەنگەری" و بە زمانی فەرانسەوی لەلایەن "ئازاد کوردیـ"ـیەوە خوێندرانەوە.

هەروەها "پەروین جەمیل" سەرۆکی بیرۆی کورد لە برۆکسێل و "عەلی نیکڕەوش" چالاکی سیاسیی کورد، بە زمانەکانی فەرانسەوی بەم بۆنەوە قسەیان کرد.

لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا کەسایەتیی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان "حەبیب ئیبراهیم" بە نوێنەرانیەتیی "پارتیا یەکیەتییا دێموکراتی کورد لە سووریا" پەیامێکی پێشکەش کرد.

لە هەموو پەیامەکاندا، وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی کاریگەریی دوکتور "قاسملوو"ی شەهید لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و حیزبی دێموکرات، تێرۆری سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕای گشتی شی کرایەوە و تیشک خرایە سەر ئەوە کە ئەم ڕێژیمە لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا ماکەی تێرۆریزم بووە لە جیهاندا.

هەروەها بە توندی هەڵسوکوتی حکوومەتی "ئۆتریش" لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی تێرۆرکرانی شەهیدانی ڤییەن شەرمەزار کرا و باس لەوە کرا کە ئەم سیاسەتە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی دادوەریی سەربەخۆ، ناداپەروەرانە و دژی هەموو بەهاکانی حقووقی نێودەوڵەتییە و گەلی کورد لەم تاوانە دەرباز نابێت.