کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە بلژیک خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

13:27 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی بلژیک لەسێدارەدانی لاوانی کورد و مووشەکبارانی بنەکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرا.

ڕۆژی چوارشەممه، ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی ھێرشی تاوانکارانە و تێرۆریستیی ڕێژیمی تاران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و هەروەها کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی بلژیک و چەند کەسایەتییی سیاسی ئێرانی، بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی شەھیدان لە بەردەم  باڵوێزخانەی ڕێژیمی کوردکۆژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری برۆکسێل، کۆبوونەوە.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە پاراستنی بێدەنگی بە حورمەتی شەھیدانی گەل  دەستی پێکرد.

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن "کاوە ئاهەنگەری"ـەوە پێشکەش کراو و تێدا بە وردی باس لە جینایەت و تاوانەکانی ڕێژیم لە سەرەتای هاتنەسەرکاری بە دژی گەلی کورد و ئازادیخوازانی دیکەی ئێران کرد کە هتاکوو ئەمڕۆ ئەم سیاساتە زۆرداری بە تایبەت لە کاردستانی درێژە پێدەدرێت.

ئاهەنگەری نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی پەت و سێدارەی بە تەنیا ڕێگاچارەی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران و کوردستان زانی و یەکگرتوویی و هاوخەباتیی هەموو هێزە سیاسییەکانی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تاکە میکانیزمی سەرکەوتن زانی.

دواتر "عەلی نیکڕەوش" لە لایەن کوردانی دانیشتووی بلژیک بە زمانی فەرانسەوی لە سەر جینایەتەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد کرد و ئەم تاوان و کردەوە هۆڤ و تێرۆریستییانەی بە درێژەی سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیمی لە هەمبەر تەڤگەری ئازایخوازانەی کوردستان زانی.

لە درێژەی ئەم خۆپێشاندانەدا، چەند پەیام و وتاری دیکە لە لایەن نوێنەری چەند لایەن سیاسی خوێندارانەوە کە هەڵگری مەحکوومکردنی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد بوون.

لە سەرەتای ئەم خۆپێشاندانە هەتا کۆتایی، خۆپیشاندەران چەند جار سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "ئەی شەهیدان"ـیان گووتەوە و بە بەردەوامی درووشمیان بە چەند زمان دەدا کە ھەڵگری تووڕەیی و ڕق و بێزاری لە کردەوە جینایەتکارنەکەی ڕێژیمی تاران دژی گەلی کورد بوو.