کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە واشنتۆن سەبارەت بە لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا خۆپیشاندانی بەڕێوە برد.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار کوردانی دەڤەری واشنتۆن لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان دژی لەسێدارەدانی شەهید "حەیدەر قوربانی" و سەرجەم ڕۆڵە بەشەرەف و بێتاوانەکانی دیکەی کورد لەلایەن جەلادان و تێرۆریستانی کۆماری پەت و سێدارەی جەمارانەوە بەڕێوە برد.
سەرەتا بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان بەشداربووان بە دانی دروشم و هەڵگرتنی نووسراوەکانیان ئەو تاوانە چەپەڵانەی ئەو ڕێژیمە دڕندەیان مەحکووم کرد و پشتیوانی و هاوخەمی و دڵسۆزیی خۆیان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهید "حەیدەر قوربانی" و سەرجەم شەهیدانی دیکەی گەل و نیشتمانەکەمان دووپات کردەوە.
لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا نامەیەکی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە تاوانەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کرد و بە باشی ئاماژەیان بە تاوان و پێشێلکارییەکانی ئەو ڕێژیمە دڕندەیە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و سەرکوت و کوشتاری گەلانی ئازادیخوازی ئێران و یەک لەوان گەلی قارەمان و خۆڕاگری کورد و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەو گەلە کرد.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بەوپەڕی تواناوە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیان كردبوو.
هاوکات نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار ببوون.