کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژدا چالاكییە تەبلیغییەكان بەردەوامن

23:59 - 23 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧١ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، چالاكی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شەوی ١١ لە سەر ١٢ی ئاگۆستی ٢٠١٦، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە سەیرانگایەكی گەشتیاری لە دەوروبەری شاخی بۆزی سینا سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە چنینی سەدان بەرد لە تەنیشت یەكتر لە مێرگێك، نووسیویانە بژی دێموكرات.

ئەو چالاكییەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، و دیمەنی بژی دێموكرات، كە بە دانانی بەسەدان بەرد لە تەنیشت یەكتر نووسرابوو، بووە هۆی خۆشحاڵیی خەڵكی ناوچەكە.

شایانی باسە كە بژی دێموكراتی بەردین، بە درێژایی ٥٠ میتر نووسرابوو و لە دوورەوە دیار بوو.

لە لایەكی دیكەوە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە شاری سەقزیش بە نووسینی دروشم و بڵاوكردنەوەی تراكت و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژە، رێزیان لە ٢٥ی گەلاوێژ گرت. قوتابیانی ڕێبازی قازی و قاسملوو و شەرەفكەندی، لە گوندەكانی پارسانیان، چاپانی خواروو و چاپانی سەروو، و قۆزڵووی سۆفیان و تیكانلووی سەر بە شاری سەقز، كار و چالاكیی تەبلیغیان بەڕێوە برد.

هەروەها لە گوندی تەوریوەری سەر بە شاری سنەش، خەباتگێڕانی دێموكرات بە بڵاوكردنەوەی تراكت و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژە، ڕێزیان لە ٢٥ی گەڵاوێژ گرت.