کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی شەڕە زێڕینگەرانەکاندا ئەمجارەیان قولاپەی یادگارەکەی خومەینی گیرا

14:30 - 12 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەڕە زێڕینگەرانەکانی نێو باندەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران، ئەمجارەیان سەرۆکی ستادی بە ناو مافی مرۆڤی هێزی دادوەری، پەلاماری حەسەن خومەینی دا و گوتی؛ بە ڕێپۆرتاژ زانستی هیچ کەسێک ناسەلمێندرێ.

جەواد لاریجانی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی تسنیم لە دژکردەوە بە خۆ کاندید کردنی حەسەن خومەینی بۆ بە ناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگان ڕایگەیاندووە؛ ئەو زۆر زووتر لە کاتی خۆی هاتۆتە مەیدان و ئەگەر من لە باتی ئەو ببوایەتم بە دڵنیاییەوە تا ٥ ساڵی دیکەش ڕادەوەستام.

ناوبراو کە سەر بە بناژۆخوازەکانی نێو حکوومەتە، وێڕای ئیدانەکردنی شێوازی خۆپاڵاوتنی حەسەن خومەینی و هەڵسوکەوتی بە ناو ڕێفۆرمیستەکان سەبارەت بە کاندیداتۆریی، وتوویەتی: بە پۆمپاژ و ڕێپۆرتاژ زانایی و زانستی هیچ کەس ناسەلمێندرێ و ئەم چەشنە کارانەی ڕێفۆرمیستەکان شەڕ و کێشە و توندوتیژیی لێ‏دەکەوێتەوە.

پێشتریش سادق لاریجانی، سەرۆکی هێزی بەناو دادوەری، وێڕای ڕەخنەگرتن لە ئەگەری بەشداریی هاوبیرانی ڕەفسەنجانی بۆ هەڵبژاردنەکانی خوبرەگان، گووتبووی؛ ئەوەیکە ڕەفسەنجانی کەڵک لە نازناوی علامە بۆ حەسەن خومەینی وەردەگرێت، گاڵتەکردنە بە تێگەیشتنی خەڵک و بەکەم زانینی حەوزەی عیلمییە.

لە نێوان باندەکانی دەسەڵاتدا، هەمووکات و بەتایبەت لە سەروبەندی بەناو هەڵبژاردنەکاندا کە گرینگییەکی تایبەتی بۆ ڕەوایی وەرگرتن هەیە، ئەم شەڕە دندووکانە دەبیندرێت کە زۆرێک لە کارناسانی کاروباری ئێران ئەمە بە چەشنێک لە بازاڕگەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان لەقەڵەم دەدەن.