کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دژی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانێک لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

17:33 - 20 بەفرانبار 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، لە شاری "هامبورگـ"ـی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی و پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەتیش "زارای نیشتمان" بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا کە لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هامبورگ و ناوەندی چالاکانی ئازادیی بۆ ئێران ڕێک خرابوو، چەندین وتار و پەیام بە زمانەکانی ئاڵمانی و فارسی خوێندرانەوە.

''شەهریار نەقشبەندی'' بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای وەبیرهێنانەوەی تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و ئێران، سەبارەت بە دووهەمین ساڵیادی کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی ڕێکخراوی تێرۆریستی لقی قودسی سپای پاسداران و ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەو تاوانبارە لە ناوچەکە و هەروەها کوشتن و تێرۆر و ڕفاندنی جیابیرانی کورد و باقی نەتەوەکانی تر و سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ساڵی ٩٦ی هەتاوی بە دەستی سپای پاسداران و بە تایبەتیش شەخسی ''قاسم سلێمانیـ''ـەوە قسەی کرد.

"نەقشبەندی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە خۆڵقانی تاوان، گرتن و ئێعدام و ڕفاندن و کوشتنی خەڵکی بێتاوان بەشێکی دانەبڕاوی دەسەڵاتی مەلهۆڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەو ڕێژیمە تەنانەت بەزەیی بە سەرنشینەکانی فڕۆکە ئۆکراینەکەش نەهاتەوە و لە پێناو پەرەپێدانی سیاسەتی تۆقاندن و جەنایەتکارانەی خۆی بە مووشەک خستییەوە خوارەوە و گیانی دەیان کەس لە ژن و منداڵ و خوێندکارانی زانکۆی نێو فڕۆکەکەی ئەستاند.

لەو خۆپیشاندانەدا، خۆپیشاندەران بەمەبەستی ڕێزگرتن لە ئیرادەی پۆڵایین و بوێریی "زارای نیشتمان" و بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی ناوبراو پشتیوانیان لێ کرد.

هەروەها بە دانانی وێنەی شەهید ''حەیدەر قوربانی" تێکۆشەری ئیرادە پۆڵایینی ڕاسانی شار و وێنەی قوربانییانی بێ تاوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و بە گوتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕی، کردەوە و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.