کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوئید باس لە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا

18:12 - 21 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ "حەمید تەیمووری" نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی لەگەڵ "کادیر کاسیرگا" نوێنەری سوسیال دێموکراتەکان لە شورای شاری ستۆکهۆڵم کۆ بوونەوە.

لەم دیدارەدا کۆمەڵێک باسیان لەسەر کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەتی هێنایە بەر باس.

لەم دیدارەدا باس لە سەرکۆماری نوێی ئێران کرا کە کەسێکی قاتڵ و تێروریستە و بە هەزاران کەس لە بەندیانەکاندا بە بڕیاری ناوبراو کوژراون و بێسەرشوێن کراون.

 ناوبراو کەسێکە جگە لە کوشتن و لەنێوبردنی کەسانی دژبەر هیچی تر نازانێ و بەگشتی بکوژی نەتەوەکانی ترە لە ئێراندا.

"ڕەیسی" باوەڕی بە کوشتن و تۆقاندن و لەنێوبردنی خەڵکانێکە کە سکاڵا لە دامودەزگای دەوڵەت دەکەن و لەسەر فەلسەفەی کوشتن سیاسەت دەکا. داوا دەکەین کە سوئید بە وردی چاودێریی کاروباری "ڕەیسی" بکا.

"تەیمووری" باسی لە دەستپێکردنەوەی تێرۆر لەلایەن سەرکۆماری نوێی ئێران کرد کە نیشانەکانی تێرۆری "مووسا باباخانیـ"ـیە لە هەولێر و ناردنی تیمی تێرۆر بۆ شارەکانی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی و هەولێر.

"تەیمووری" وتی ڕێژیم ئاژاوە لە شاری نەغەدە دەنێتەوە و لە ناڕەزایەتی بە کوشتنی "فەردین ئیبراهیمی" لە شەڕ و دەمەقاڵێکدا دەیهەوی دووبەرەکی لە نێوان کوردان و ئازەریی ئەو شارە دروست بکات. مەبەست لەوەش شاردنەوەی کێشەکان و خۆپێشاندانەکان لە خوزستان و تاران چەواشەکاری و نانەوەی شەڕ لە کوردستانه.

"تەیمووری" باسی لە ناردنی تیمی تێرۆر بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و ئامریکا بۆ کوشتن و لەنێوبردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژینگەپارێزان کرد.

باسی دادگایی "حەمید نووری" کرا کە لە نۆڤامبری ٢٠١٩ هات بۆ سوئید و لە فڕۆکەخانەی "ئارلاندا"ی ستۆکهۆڵم دەسبەسەر کرا. ئێستا لە دادگای سوئید بەهۆی کوشتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی گەوهەردەشت و ئێڤین دادگایی دەکەن.

"تەیمووری" باسی لەوە کرد کێشە و قەیرانی بێ ئاوی. نەبوونی دەوا و دەرمان، گرفتی کۆرۆنا و بێکاری، نەبوونی بژیوی ژیان وای کردووە کە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم درووشم بدەن.

ناوبراو باسی لەوە کرد کێشەی بێکاری، پرسی ژنان و مافی مرۆڤ لەو گرفتانەن کە ڕێژیم ڕۆژ دوای ڕۆژ گەمارۆی دەدا و ئێعدامەکان لەم چەند ڕۆژەدا زیادی کردووە.