کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوئید خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

11:45 - 2 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانیشتووی سوئید، بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان بەڕێوە برد.

لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵێک لە کوردەکانی سوئید بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەر، لە شاری ستوکهوڵم و بەردەم پارلمانی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن ''ئارێز محەممەدی'' و ''ماندانا کاکایی''، بە زمانەکانی کوردی و سوئیدی خوێندرایەوە.

دواتر ''توماس هامماربێرگ''، یەکێک لە ڕێبەرانی سوسیال دێموکراتەکان و لە دۆستانی نزیکی گەلی کورد و دوکتور ''عەبدولرحمان قاسملوو''، چند وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای یادکردنەوەی دوکتور قاسملوو، خۆپیشاندەرانی هان دا کە لەسەر ویستەکانیان سوور بن و هەروەها پشتیوانیی خۆی لە گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی دووپات کردەوە.

پاشان ''قادر کاسیرگا''، ئەندام پارلمانی سوئید لە حیزبی دەسەڵاتداری سوسیال دێموکرات، بە هەمان شێوە پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئێران دووپات کردەوە.

دواتر پارچە شێعرێک لەلایەن ''عەلی دانشـ''ـەوە خوێندرایەوە.

هەروەها ''یوناس خۆستدت''، ڕێبەری حیزبی چەپی سوئید کە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو،  چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد و پشتیوانیی خۆی لە داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەرانی ئێران بەگشتی و كوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، دەربڕی.

''فرێدریک ماڵم''، دۆستی نزیکی گەلی کورد و ئەندامی پارلمانی سوئید لە حیزبی لیبراڵەکان، چەند وتەیەکی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕیوانی گەلانی ئێران پێشکەش کرد و بە ئاماژەدان بە ئاماری شەهید و بریندار و زیندانییان، باسی لە ڕەوشی كارەساتباری خۆپیشاندەرانی ئێرانی كرد كە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زۆر دڕندانە سەركوت دەكرێن.

لەنێو خۆپیشاندانەکەدا، وەڤدێک بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سوئیدیان کرد و داوانامەیەکیان پێشکەشی ئەو وەزارەتە کرد کە لەوەدا وێڕای داوای پشتیوانیی دەوڵەتی سوئید لە خۆپیشاندەران و داواکانیان، هاوکات داوا کرابوو کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران کە کوشتاری خەڵکی ئێران و کوردستان ڕابگرێت.