کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سوئید دژ بە تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێران لەبەر دەرگای پارلمانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

13:26 - 25 خەرمانان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپیشاندانێک بۆ شەرمەزارکردن و پڕۆتستۆکردنی تۆپباران و هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، لەبەر دەرگای پارلمانی سوئید بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر ''چیا عەلیار'' بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی وێڕای سپاس لە بەشداریی خەڵک لەو خۆپیشاندانەدا چەند وتەیەکی سەبارەت بە مەبەستی خۆپیشاندانەکە پێشکەش کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و سوئید بەشدار بوون و چەندین پەیام پێشکەش کران کە بریتی بوون لە:

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هەر سێ زمانی کوردی و سوئیدی و فارسی کە لەلایەن ''کوێستان بابایی، حەمید تەیمووری و سالار ئاشناگەر'' خوێندرانەوە.

دواتر پەیامی نوێنەری پارتی سۆسیال دێموکراتی سوئید لەلایەن "کادر کاسیرگا"پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە مانگی سێپتامبر وەبیرهێنەرەوەی زۆر بیرەوەری تاڵە، یەک لەوان تێرۆرکرانی دوکتور''سەعید شەڕەفکەندی'' بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە خاکی کوردستانی باشوور لە ساڵی ٢٠١٨دا.

ناوبراو هەروەها وتی کە من جارێک لەگەڵ وەڤدێکی حیزبەکەم شانازیی سەردانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتم پێ بڕاوە و لە نزیکەوە ''مستەفا هیجری'' و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتم بینیوە، من دڵنیام کە نە تۆپباران و نە تێرۆر و نە کەمین ناتوانن کار لە ورە و باوەڕیان بکەن چوونکە ئەوان خاوەن ئیرادە و بوێرییەکی بێ وێنەن لە پێناوی خاک و وڵاتی خۆیاندا.

لە بڕگەیەکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی هەر یەک لە پارتی چەپی سوئیدی لەلایەن پارلمانتار "هۆکان سڤێن‌لینگ"، پارتی لیبراڵ لەلایەن پارلمانتار "یووار فۆشێل" و هەروەها "فرێدریک ماڵم" پارلمانتاری پێشووتری پارتی لیبراڵ و دۆستی گەلی کورد، پێشکەش کران.

ناوەڕۆکی پەیامەکانیان پشتیوانی و هاوسۆزی نیشاندان بوو لەگەڵ خەڵکی کوردستان و جووڵانەوە حەقخوازانە و دێموکراتیکەکەی کە بەردەوام لەلایەن ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی تێرۆر و کووشتن و تۆپبارن.

 لە پەیامەکانیاندا بە ڕوونی کردەوە دزێو و دڕندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە دەرەوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەکانی مافی کەمایەتییەکان و مافی کولتوورە جیاوازەکاندا پێناسە کرد و سیاسەتی دژە مرۆڤی و دیکتاتۆری ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکانی خۆپێشاندانەکەدا، پەیامی ''کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ'' لەلایەن "ناسر بۆلیدەیی"یەوە پێشکەش کرا و پەیامی هاوبەشی هەر یەک لە ''کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، ناوەندی ڕەوەندی کوردی و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان'' لە وڵاتی سوئید لەلایەن ''کۆڤان ئامێدی'' بەرپرسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانەوە پێشکەش کرا.

لەو پەیامانەشدا وێڕای مەحکوومکردنی هەڕەشە و تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی خۆیان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەڵکی ڕۆژهەڵات دەربڕی و ئەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێرانیان وەک پێشێلکردنی سەروەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سنوور شەرمەزار کرد.

دواتر هەڵبەستێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن شاعیر و نووسەری کورد "ناهید حوسێنی" خوێندرایەوە و لە کۆتایی خۆپێشاندانەکەشدا لەلایەن نوێنەرانی هەر چوار حیزبی بەشدار لە ناوەندی هاوکاریدا پەیامی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانـ"ـیان ڕادەستی پارلمانی وڵاتی سوئید کرد و ئەوانیش بەڵێنیان دا لە ڕێگەی خۆیانەوە بیگەیەنن بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان و وەزیری دەرەوەی لێ ئاگادار بکەنەوە.