کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "نۆرنبێرگـ"ـی ئاڵمان یادی شەهیدانی میکۆنووس بەرز ڕاگیرا

17:36 - 30 خەرمانان 2720

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان لەبەردەم سینەما و کتێبخانەی گشتیی شاری "نۆرنبێرگ"، لەلایەن کۆمیتە ناوچەی "نۆرنبێرگ" لە ئاڵمان یادی شەهیدانی میکۆنووس بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت شەهید کاک دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی دەستی پێکرد، پاشان پەیامی کۆمیتە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا پەیامی کۆمکار و پارتی سوسیالیستی کوردستان لەلایەن "محەممەد ئەلبێستانی" پێشکەش کرا.

دواتر "ڕۆڵف ئینگێلمان" بەرپرسی ناوەندی هاوسێیەتی و پێکەوەژیانی "نۆرنبێرگ" کە خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوتی کاری دادگای میکۆنووس بوون، بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

 ناوبراو لە پەیامەکەیدا هاوکات داوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی بەربڵاو و تایبەت لە یادی سی ساڵەی شەهیدانی میکۆنووس لە بێرلینی کرد و لەوبارەوە وتی: "پێویستە لە یادی سی ساڵەی ئەو تێرۆرە سامناکەدا حیزبی دێموکرات و کوردەکانی دانیشتووی ئاڵمان بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەرفراوان پتر هەوڵی ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بدەن و تاوانەکانی حکوومەتی ئێران لەقاو بدەن".

هەروەها لە ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە تراکت و نووسراوەی تایبەت بە تێرۆری "میکۆنووس" لەنێو خەڵکدا بڵاو کرانەوە.

لە کۆتایی یادەکەدا بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت ڕێبەرانی شەهید و نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بە ڕێگا و ڕێبازیان، چۆمی ڕاین لە نۆرنبێرگ و بە دروشمی: "ڕێبوار هەدا نادا، ڕێ نامرێ، کۆڵ نادەین و ئێمە ئاواین" گوڵڕێژ کرد.