کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "ڤانکۆڤێر"ی کانادا خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو

13:18 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان، خۆپێشاندانێک بە مەبەستی مەحکوومکردنی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرش و هەڕشەکانی ئەم دواییانەی بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە "ئارت گالەر"ی ناوەندی شاری "ڤانکۆڤێر"ی، "کانادا"، لەلایەن کوردنی نیشتەجێی ئەو شارە بەرێوەچوو.

پێشەکی بەڕیوەچوونی ئەم خۆپێشاندانە لە بەردەم "ئارت گالەر"ی لەلایەن "کیومەرس بەیگی" بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاری باسێکی کورتی لەسەر مەبەستی خۆپیشاندانەکە دەستی پێکرد.

پاشان خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان درێژەی پێدرا.

دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ پشتیوانیکردن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەحکوومکردنی هێرش و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە زمانی کوردی لەلایەن "حەمید بەهرامی" خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی ناوەندی هاوکاری لەلایەن "ئیسماعیل ئیبراهیمی" بە زمانی ئینگلیسی و مەبەستی مەحکوومکردن و لەقاودانی سیاسەت و پیلانە جنایەتکارەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، کە ڕوو بە کۆڕ و کۆمەڵ و شوێنە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بوو خوێندرایەوە.

ئەم خۆپیشاندانە کە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخرابوو، بە وتنەوەی چەندین درووشم لەلایەن بەشداربووانەوە دژ بە سیاسەت و پیلانە نامرۆڤییەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە گەلی کورد و هێزە خەباتکارەکانی کۆتایی پێهات.

ئەو خۆپێشاندانەی ڕەوندی کوردی نیشتەجێ لە "ڤانکۆڤێر"ی، "کانادا" لەسەر داوای کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران،بە شێوەیەکی هێمنانە لەو شارە بەڕێوە چوو.

هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی "کانادا" لەو خۆپیشانەدا بەشدار بوون و هێرش و هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانیانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گوندەکانی نێوان سنووری کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات مەحکووم و شەرمەزار کرد.